سیمپۆزیۆمی نێوده‌وڵه‌تی (به‌ره‌و توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌ پێناو ته‌ندروستییه‌كی باشدا) كۆتایی پێهات

  • ئایار 8, 2017
  • 783 Views
سیمپۆزیۆمی نێوده‌وڵه‌تی (به‌ره‌و توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌ پێناو ته‌ندروستییه‌كی باشدا) كۆتایی پێهات

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 2017/5/8 له‌ هۆڵی سه‌ره‌كی كۆنفرانس له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شار، به‌سه‌رپه‌رشتی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ هاوبه‌شی زانكۆی لیسته‌ری به‌ریتانی و زانكۆی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی و به‌ئاماده‌بوونی چه‌ندین پسپۆرو دكتۆری تایبه‌ت له‌بواری توێژینه‌وه‌ ، سیمپۆزیۆمی نێو ده‌وڵه‌تی به‌ناونیشانی (به‌ره‌و توێژینه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌ پێناو ته‌ندروستییه‌كی باشدا) ده‌ستی به‌كاره‌كانی كرد.

سه‌ره‌تا مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ چه‌ند ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان  ده‌ستی پێكرد و له‌لایه‌ن دكتۆر ماردین وه‌ك سه‌رپه‌رشتیاری سیمپۆزیۆمه‌كه‌ ووته‌یه‌كی له‌سه‌ر ئامانجی كاره‌كه‌ پێشكه‌شكرد.

پاشان له‌لایه‌م پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی امین سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ووتارێك پێشكه‌شكراو تیایدا گرنگی سیمپۆزیۆمه‌كه‌ی بۆ ئاماده‌بووان ڕوون كرده‌وه‌و هیوای خواست به‌هه‌موو لایه‌ك كاربكرێت بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ته‌ندروستییه‌كی باش بۆ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و زاڵ بوون به‌سه‌ر كێشه‌كاندا له‌ڕووی ئاماده‌سازی بۆ ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی مه‌یدانی و به‌سوود به‌ئامانجی گه‌یشتن به‌ ڕاستییه‌ زانستییه‌كان،

هه‌روه‌ها بایه‌خی هۆشیاری خه‌ڵك و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی به‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان وه‌صفكرد له‌ به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروستدا، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی كرد به‌وه‌ی له‌ ڕابردوودا زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی چه‌ندین كاری ۆركشۆپ و سیمپۆزیۆم و كۆنفرانسی ئه‌نجامداوه‌ بۆ زیاتر گه‌شه‌پێدانی بواره‌ جۆراوجۆره‌كانی ژیانی خه‌ڵك،  پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی باسی له‌و په‌یوه‌ندییه‌ گرنگانه‌ كرد كه‌له‌گه‌ڵ 40 زانكۆو ناوه‌ندی ئه‌كادیمی و زانستی دا به‌ستویانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و ووڵاتانی ده‌وروبه‌ر و ئاڵوگۆڕ كردنی به‌رنامه‌و پرۆگرامی هاوبه‌ش به‌ ئامانجی گه‌یشتن به‌ سه‌ركه‌وتنی زانستی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا و چاره‌سه‌ركردنی گشت كێشه‌و گرفته‌كان به‌ ڕێگه‌ی زانستیانه‌.

دواتر له‌لایه‌ن دكتۆر میران محمد به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی ووتارێك پێشكه‌ش كراو ئاماژه‌ی به‌كاری هاوبه‌شی ته‌ندروستی و زانكۆكان كرد له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌ گشتییه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی كه‌شێكی ته‌ندروست بۆ هاوڵاتیان و دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌هه‌ر كارێك كه‌ زیان به‌ته‌ندروستی هاونیشتمانیان بگات.

دوای ئه‌و له‌لایه‌ن دكتۆر كۆسار ڕاگری كۆلێجی پزیشكی له‌ زانكۆی سلێمانی ووتارێك پێشكه‌شكراو هیوای خواست زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان هه‌ماهه‌نگ بن له‌ داهێنان و ئه‌نجامدانی كاری ناوازه‌ به‌ هاوكاری سه‌رجه‌م ده‌زگاو دامه‌زراوه‌ میرییه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی تری حكومه‌ت له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی باشترین ژیان بۆ خه‌ڵكی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌.وه‌ .

له‌لایه‌ن كارزان كه‌ریم توێژه‌ر له‌زانكۆی لیسته‌رو نوێنه‌ری زانكۆی لیسته‌ری به‌ریتانی ووته‌یه‌ك پێشكه‌ش ئاماده‌بووان كراو هه‌موو هاوكاری و پشتیوانییه‌كی زانكۆكه‌یانی ده‌ربڕی بۆ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر كارێكی هاوبه‌ش.

دواتر سیمپۆزیۆمه‌كه‌ به‌رده‌وام بوو به‌ پێشكه‌شكردنی هه‌شت توێژینه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م به‌ڕێزانه‌وه‌:

*د. ژیان صلاح له‌ زانكۆی سلێمانی

*د. كمال جلال رشید له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی

*د.عبدالرحمن محمد ابراهیم له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی

*تۆڵه‌ فرج له‌ زانكۆی لیسته‌ری به‌ریتانی

*د. محمد عمر له‌ زانكۆی سلێمانی

*د. رضا حسن له‌ زانكۆی سلێمانی

* كارزان كه‌ریم له‌ زانكۆی لیسته‌ری به‌ریتانی

*رامیار كمال له‌ زانكۆی لیسته‌ری به‌ریتانی.

پاشان دوابه‌دوای پێشكه‌شكردنی توێژینه‌وه‌كان لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی سیمپۆزیۆمه‌كه‌ سه‌رجه‌م توێژینه‌وه‌كانی وه‌رگرت و بڕیاردرا بكرێته‌ كۆنوسێكی گشتگیرو ئاراسته‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكرێت به‌ تایبه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

پاشان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نوسیدا و به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن ، سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی و نوێنه‌رانی زانكۆی لیسته‌ری به‌ریتانی و زانكۆی سلێمانی قسه‌یان بۆ ڕاگه‌یاندنه‌كان كرد.