زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەفتەی چالاكییەكانی بەڕێوەبرد

  • ئایار 10, 2017
  • 776 Views
زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی هەفتەی چالاكییەكانی بەڕێوەبرد

لە چوارچێوەی هەفتەی چالاكییەكانیدا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ژمارەیەك چالاكی زانستی و دیدار و سیمپۆزیۆم و سیمینار و وۆرك شۆپی ئەنجامدا و چەندین توێژینەوەی گرنگی لە بوارە جیا جیاكاندا پێشكەش كرد.

رۆژی دووشەمە 2017/5/8 لە هۆڵی سەرەكی كۆنفرانس لە نەخۆشخانەی شار، زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە هاوبەشی زانكۆی لیستەری بەریتانی و زانكۆی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەئامادەبوونی چەندین پسپۆرو دكتۆری تایبەت لە بواری توێژینەوە، سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی بەناونیشانی (بەرەو توێژینەوەی هاوبەش لە پێناو تەندروستییەكی باشدا) ئەنجامدا، لەلایەكی ترەوە ڕۆژی 3ی ئایاری 2017 لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان یەكەمین كۆنفرانسی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی كوردستان – سنە دەستی بەكارەكانی كرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بوو كە تێیدا زیاتر لە ٧٠ توێژینەوەی زانستی و ئەكادیمی لە رێگەی 12 پانێڵەوە پێشكەشكران، لە چەند رۆژی رابردووشدا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی (دیداری نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ میدیا)ی ئەنجامدا و بووە جێگەی بایەخی نێوەندی میدیایی و لای رۆژنامەنوسان.

رێكەوتی ١٠/٥/٢٠١٧ پەیمانگای تەكنیكی كەلاری سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە هاوكاری پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن، پانێڵێكی بەناونیشانی (لامەركەزیەتی ئیداری وەك رێگەچارە) ساز كرد، لەلایەكی تریشەوە كۆلێژی تەكنیكی ئینفۆرماتیك زانكۆی پۆلی تەكنیكی سلێمانی لە هەفتە چالاكییەكاندا دوو تاقیگەی كۆمپیوتەری نێودەوڵەتی بەپێی ستانداردە جیهانییەكان بۆ یەكەمجار نمایش كرد، لەهەر لە هەمان چالاكیشدا سیمینارێكی زانستی و چەندین توێژینەوە پێشكەش كرا، رۆژی سێشەممەی رابردووش كۆلێجی تەكنیكی ئینفۆرماتیك هەستا بە سازدانی سیمپۆزیۆمێك بەناونیشانیData Communication& Information Security.

هەروەها لە ڕێكەوتی 7/5/2017 پەیمانگای تەكنیكی كەلار چالاكی زانستی ساڵانەی بەشی كارەبای رێكخست كە لەم چالاكییەدا  (70) پڕۆژەی جۆراوجۆر لە بواری كارەبا و تەكنەلۆجیای نوێ و داهێنان لە چەند بوارێكدا نمایشكران.

لەلایەكی ترەوە یەكەمین دیداری زانستی پزیشكی ددان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، كە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی یەكێك بوو لە رێكخەرانی دیدارەكە و تێیدا چەندین چالاكی زانستی و پزیشكی تایبەت بە پزیشكی ددان پێشكەشكرا.

لە چوارچێوەی هەفتەی چالاكییەكاندا پەیمانگای تەكنیكی كەلاری سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەسپۆنسەری كۆمپانیای درایڤ گرین-بریكاری سەرەكی رۆنی تۆتاشی یابانی لە عیراق، ۆرك شۆپێكی لەسەر (جۆرەكانی تاقیكردنەوە ,بەئەلیكترۆن كردنی پرسیاری تاقیكردنەوەكان,ڕێنمای دانانی پرسیاری تاقیكردنەوە ) ئەنجامدا، هەر لە هەفتەی چالاكییەكاندا پەیمانگای تەكنیكی هەڵەبجە، وۆركشۆپی تایبەتی بۆ تەندروستی و سەلامەتی و فریاگوزاری سەرەتایی بۆ خوێندكارانی قۆناغی دووەمی سەرجەم بەشەكانی پەیمانگا رێكخست.

پەیمانگای تەكنیكی دەربەندیخان بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی و نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان هەستا بە سازدانی ۆركشۆپێكی زانستی، هەروەها ناوەندی گەشەپێدان بۆ كار (CDC)  لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بە هاوكاری نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەت و رێكخراوی فۆرس ۆركشۆپێكی بە ئامانجی زیاتر شارەزابوونی خوێندكاران بۆ چۆنیەتی نووسینی سی ڤی و پەیوەندیكردنیان بە دەزگاكانی كەرتی تایبەتەوە رێكخست.

لەو چوارچێوەیەشدا توێژینەوەكی گرنگی د.عەبدوڵا ئەحمەد حەمە مامۆستا و ئەكادیمیست لە كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لە گۆڤارێكی بەناوبانگی نێودەوڵەتیدا بڵاوكرایەوە.

بڕیاریشە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی یەكەمین سیمپۆزمی ناوخۆیی كلاود كۆمپیوتینگ بەناونیشانی (Cloud Computing Challenges and Implementation in Higher Education) لە بەرواری ٢٣ / ٥ / ٢٠١٧ ئەنجام بدەن.