كۆمیتەیەكی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرام و سیستمی وەرگرتن لە بەشەكانی كشتوكاڵ پێكهات

  • ئایار 10, 2017
  • 825 Views
كۆمیتەیەكی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆگرام و سیستمی وەرگرتن لە بەشەكانی كشتوكاڵ پێكهات

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/5/2017 وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی  لەگەڵ ڕاگری كۆلێژەكانی كشتوكاڵی زانكۆكانی هەرێم كۆبۆوە و رایگەیاند: دەمانەوێت ڕایەڵەیەك لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی كشتوكاڵ و كەرتی كشتوكاڵ بۆ بەهێزكردنی ئەو سێكتەرە بدۆزینەوە.

هەریەك لە د.كەریم ساڵح عەبدول ڕاوێژكاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون، لە سەرەتادا د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە وتەیەكدا ئامانجی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو ڕاگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا دەستمان بە پێداچوونەوە بە پڕۆگرام و شێوازی وەرگرتن لە زۆربەی بەش و كۆلێژەكان كردووە، بەهەمان شێوە بەپێی پیداویستی و گۆڕانكارییەكانی سەردەم، دەمانەوێت پێداچوونەوەی تەواو بە بەشەكانی كشتوكاڵ لە زانكۆكانی كوردستان بكەین.

د.یوسف گۆران وتی: لە ماوەی ڕابردودا بەهۆی تێكدانی لادیەكان و ڕاگواستنی دانیشتوانەكەی لەلایەن ڕژێمی لەناوچوی بەعس كەرتی كشتوكاڵی زیانی زۆری بەركەوت، بەڵام ئێستا ئاراستەیەكی بیركردنەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی چیتر پشت بەیەك سەرچاوەی داهات نەبەسترێت، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە پێویستە بایەخی زیاتر بە بواری كشتوكاڵی بدەین، چونكە بنەماكانی كشتوكاڵی لە كوردستان زۆر بەهێزە.

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: ئێوە نوێنەری زانست و زانكۆكانتانن لەم كۆبوونەوەیەدا، بۆیە دەبێت زانكۆ و بەشەكانی كشتوكاڵی وا لێ بكەین تا بتوانن ڕۆڵێكی كاراتر بگێرین لە بوژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵی و، نامانەوێت وەك ئەوەی ئێستا زانكۆكان تەنها ناوەندێك بن بۆ پێدانی بڕوانامە، بەڵكو دەمانەوێت زانكۆكان ببنە ناوەندێك بۆ ئەوەی دەرچووان بتوانن لەگەڵ بازاڕی كوردستاندا خۆیان بگونجێنن و دەرفەتی كاریش بۆ خەڵكی دیكە بڕخسێنن.

د.یوسف گۆران سوپاسی نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كرد كە بەشداری كۆبوونەوەكەی كرد، وتیشی: دڵنیام ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ بەداتا و ئامار بەرچاوی كۆمیتەكە ڕونتر دەكات لەبارەی پێداویستیەكان و كێشە كشتوكاڵیەكانی هەرێمی كوردستان.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، بڕیاری پێكهێنانی كۆمیتەیەكی باڵا درا بۆ ئەوەی میكانزمەكانی گۆڕانكارییەكان و شێوازی وەرگرتن لە بەشەكانی كشتوكاڵی بۆ وەزارەتی خوێندنی بالڵاو توێژینەوەی زانستی پێشنیاز بكەن و بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت.