زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پێشوازی له‌شاندی زانكۆی UTM ی مالیزیا كرد

  • ئایار 16, 2017
  • 697 Views
زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی پێشوازی له‌شاندی زانكۆی UTM ی مالیزیا كرد

 

به‌مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی ستافی زانستی و توێژینه‌وه‌ و تواناكان ، زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و زانكۆی ته‌كنلۆجیای مالیزیا ئاماده‌سازی بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی و كردنه‌وه‌ی لقێكی ئه‌و زانكۆیه‌ له‌شاری سلێمانی تاوتوێ كرد.

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 15 ی ئایاری 2017 له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی (پ.ی.د. سۆران سعید) یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا به‌ ئاماده‌بوونی (م.بختیار عبید شه‌ریف) به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمییه‌كان و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ، پێشوازی كرد له‌ شاندێكی باڵای زانكۆی ته‌كنلۆجیایی مالیزیا كه‌ پێكهاتبوون له‌ (د.فؤاد محمد رحمت) سه‌رۆكی به‌شی ئه‌ندازیاری میكانیك و (د. عوسمان) به‌ڕێوه‌به‌ری فێركردن و (د. زولكیفی) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌یوه‌ندییه نێو ده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی ناوبراو و چه‌ند مامۆستاو پسپۆرێكی زانكۆی تكنلۆجیای مالیزیا.

له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا سه‌ره‌تا (پ.ی.د سۆران سعید) به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌ دروستكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌نێوان هه‌ردوو زانكۆدا و هیوای خواست هه‌ماهه‌نگی ته‌واو له‌سه‌ر ئاستی زانستی دروست بكرێت به‌مه‌به‌ستی سوود گه‌یاندن به‌ مامۆستایان و خوێندكارانی هه‌ردوولا.

پاشان له‌لایه‌ن (د.فؤاد محمد رحمت) سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی كرد كه‌ لێیان كراو باسی له‌ ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان كرد كه‌ داوای له‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی كرد له‌ماوه‌ی كه‌می داهاتوودا پرۆژه‌یه‌ك بۆ نزیك بونه‌وه‌ی هه‌ردوو زانكۆ ئاماده‌بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌ ڕووی زانستی و ئه‌كادیمییه‌وه‌ دروست ببێت به‌تایبه‌تی له‌ به‌شی ئه‌ندازیاری میكانیك و به‌تایبه‌تتر بۆ ئه‌و فێرخوازو خوێندكارانه‌ی زمانی ئینگلیزیان باشه‌.

هه‌روه‌ها د. فؤاد ڕایگه‌یاند هیوایان زۆره‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی ستاف و توێژینه‌وه‌و تواناكان له‌نێوان هه‌ردوو زانكۆدا په‌ره‌ی پێبدرێت . پاشان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌به‌رنامه‌یاندا‌یه‌ لقێكی زانكۆی UTM ی مالیزی له‌ شاری سلێمانی بكه‌نه‌وه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بۆ كاروباری زانستی به‌ڵێنی هه‌موو هاریكارییه‌كی پێدان له‌ كردنه‌وه‌ی لقی ئه‌و زانكۆیه‌و هه‌موو پشتیوانییه‌كی ده‌ربڕی له‌پێناو ئاڵوگۆڕی تواناو لێهاتوییه‌كان به‌تایبه‌ت زانكۆی مالیزیا وه‌ك زانكۆیه‌كی پێشكه‌وتوو خاوه‌ن ئه‌زمونێكی دورودرێژ .

له‌كۆتایی كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێشنیار بۆ به‌ستنی كۆنفرانسێكی نێوده‌وڵه‌تی كراو بڕیاریان دا ئاماده‌سازی بۆ بكرێت.

دواتر شانده‌كه‌ سه‌ردانێكی مه‌یدانی په‌یمانگای زانستی كۆمپیوته‌ریان كرد و مامۆستایان و خوێنكاران و تاقیگه‌كانیان به‌سه‌ر كرده‌وه‌.

زانكۆی ته‌كنلۆجیای مالیزیا له‌ساڵی 1904 وه‌ دروستكراوه‌و ده‌كه‌وێته‌ شاری كۆللامبوری ئه‌و ووڵاته‌وه‌و گرنگی زۆر به‌ توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌دات و زیاتر له‌ 5000 خوێندكاری ده‌ره‌وه‌ی مالیزیا تیایدا ده‌خوێنن و توانیویه‌تی له‌ په‌یداكردنی هێزی كار و به‌ره‌و پێشبردنی ئابوری و بواری پیشه‌سازی دا ڕۆڵی كاریگه‌ری هه‌وبێت.