پەیمانگای تەكنیكی دوكان وۆرك شۆپێكی دەربارەی پرسی دەستوور ئەنجامدا

  • ئایار 16, 2017
  • 557 Views
پەیمانگای تەكنیكی دوكان وۆرك شۆپێكی دەربارەی پرسی دەستوور ئەنجامدا

ئەمڕۆ سێشەممە۲۰۱۷/٥/۱٦ بە ئامادەبوونی د.كاوە ڕەزا راگری پەیمانگای تەكنیكی دوكان و مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی پەیمانگا، بە هاوكاری (رێكخراوی گەنجانی بوێر) و بە پاڵپشتی رێكخراوی (NED)ی ئەمریكی ، وۆرك شۆپێك سەبارەت بە پرسی دەستوور لەژێر ناونیشانی (پەكخستنی پرۆژەی نووسینەوەی دەستوور و ڕۆڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە كاراكردنەوەیدا) بەڕێوەچوو.

سەرەتای وۆرك شۆپەكە بە چەند ساتێك بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد و پاشان لە وتەیەكدا بەهادین كەمال وەك سەرۆكی رێكخراوی گەنجانی بوێر ئامانجی ۆۆرك شۆپەكەی خستەڕوو، دواتر وتارێك لەلایەن د.كاوە ڕەزا راگری پەیمانگای تەكنیكی دوكان خوێنرایەوە، كە تیایدا پشتگیری چالاكی رێكخراوی گەنجانی بوێری كرد بۆ ئەنجامدانی ئەم زنجیرە وۆرك شۆپانە لەسەر پرسی دەستوور بە تایبەت لە ناوەندە زانستی و ئەكادیمیەكانی وەك زانكۆ و پەیمانگاكان.

وۆرك شۆپەكە بۆ هەریەك لە ( هێمن ئیبراهیم قادر) مامۆستا لە پەیمانگای تەكنیكی دوكان و شارەزا لە یاسای دەستووری و (د.ئەمین بەكر) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پسپۆر لە یاسای دەستوور رێكخرا، كە بەتێروتەسەلی گفتوگۆ كرا لەبارەی پرۆژەی دەستوور و پرسی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، ئەوەی گرنگە ئەوەیە هاوڵاتیان لەگرنگی دەستوور بگەن و لە ناوەڕۆكی پرۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان شارەزابن و بزانن چی لەخۆگرتووە و باسی چی دەكات چونكە پرۆژەی دەستوور پەیوەندی بە هەموو تاكێكی كۆمەڵگاوە هەیە و هاوڵاتی جارێكی تر بۆ بەرگری لە مافەكانی پشت دەبەستێت بە دەستور.

هەر لە چوارچێوەی تەوەرەكانی وۆركشۆپەكەدا ئاماژە بە گرنگی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كرا كە پرسی دەستوور بكەنە بابەتێكی گرنگ و فشاری مەدەنی لەسەر لایەنە سیاسییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دروست بكەن، بەمەبەستی كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر ئەم پرسە گرنگە.

لە كۆتاییشدا بە پرسیار و وەڵامی ئامادەبووان وۆرك شۆپەكە زیاتر دەوڵەمەند كرا.