سیمینارێكی تایبەت بەگرافیك دیزاین رێكخرا

  • 2017-05-22
  • 1067 Views
سیمینارێكی تایبەت بەگرافیك دیزاین رێكخرا

به‌ئامانجى زیاتر ئاشنابوونى خوێندکارانى به‌شى ته‌کنیکى میدیا، ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 22 ى ئایارى 2017 له‌ هۆڵى سیمینارى که‌مپى کۆلێجه‌ ته‌کنیکییه‌کانى زانکۆى پۆلیته‌کنیکى سلێمانى به‌ ئاماده‌بوونى د.سۆران سه‌عید یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى زانکۆى پۆلیته‌کنیکى سلێمانى بۆ کاروبارى زانستى، سیمینارێکى ئه‌کادیمى تایبه‌ت به‌ گرافیک دیزاین پێشکه‌شکرا.

سیمیناره‌که‌ له‌لایه‌ن مامۆستایانى زانکۆى ته‌کنیکى کچانى سنه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ مامۆستاى گرافیک دیزاین له‌ به‌شى ته‌کنیکى میدیاى زانکۆى پۆلیته‌کنیکى سلێمانى مامۆستا (بڕیار جه‌لال) سازکرابوو،

تێیدا به‌شێکى به‌رچاو له‌ خوێندکارانى به‌شى ته‌کنیکى میدیاى زانکۆى پۆلیته‌کنیکى سلێمانى ئاماده‌ى بوون و زیاتر له‌ سێ کاتژمێرى خایاند. له‌ سه‌ره‌تاى سیمیناره‌که‌دا مامۆستا صلاح الدین محمد اسعد سه‌رۆکى زانکۆى ته‌کینیکى کچانى سنه‌ و هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر له‌ گرافیک دیزاین باسى له‌ مێژووى گرافیک دیزاین کرد له‌ کۆمارى ئیسلامى ئێران و قۆناغه‌کانى گه‌شه‌سه‌ندنى ئه‌و زانسته‌ى شیکرده‌وه‌، دواتر مامۆستا سومه‌ییه‌ که‌ریمى سه‌رجه‌م ئه‌و بوارو که‌ناڵانه‌ى شیکرده‌وه‌ که‌ گرافیک دیزاین ده‌توانێت ڕۆڵى گرنگى تێدا بگێڕێت و له‌ هه‌ریه‌ک له‌ بواره‌کانى بازرگانى و سیاسى و کۆمه‌ڵایه‌تى و که‌لتوورى و …هتد ده‌توانێت به‌کاربهێنرێت.

سیمیناره‌که‌ به‌ئامانجى زیاتر ئاشناکردنى خوێندکاران و ئاشنا کردنیان به‌ گرنگى و بایه‌خى ئه‌و هونه‌ره‌ گرنگه‌ى میدیا ڕێکخرابوو ، له‌و باره‌یه‌وه‌ مامۆستا ئارى عه‌باس خوێندکارى ماسته‌ر له‌ وڵاتى ئێران که‌ رۆڵى گرنگى هه‌بوو له‌ رێکخستنى سیمیناره‌که‌دا، باسى له‌وه‌کرد له‌ ماوه‌ى رابردوودا کاریان کرد تا بتوانن له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خوێندکارانى زانکۆى پۆلیته‌کنیک چه‌ندین په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ شاره‌زایان و پسپۆڕه‌ جیاوازه‌کان دروست بکه‌ن و بیانهێنینه‌ کوردستان تاوه‌کو سوود له‌ ئه‌زمون و شاره‌زاییه‌کانیان وه‌ربگیرێت. لاى خۆیه‌وه‌ مامۆستا سومه‌یه‌ که‌ریمى رایگه‌یاند “به‌شێوه‌یه‌کى گشتى باسمان له‌ گرافیک دیزاین و لقه‌ جیاوازه‌کانى بۆ خوێندکاران کرد، له‌گه‌ڵ باسکردنى مێژووى گرافیک له‌ ئێران و سوودى گرافیک له‌ میدیادا تاوه‌کو ئه‌وانیش له‌ ئێستاوه‌ که‌ خوێندکارن بتوانن ده‌ست به‌وکاره‌ بکه‌ن”. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا فیدباکى خوێندکاران بۆ بابه‌ته‌که‌یان زۆر باشبووه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى گرنگى بابه‌ته‌که‌وه‌ بووه‌ بۆیان که‌ زۆرینه‌یان به‌بایه‌خه‌وه‌ لێیانڕوانیووه‌، داواشى کرد له‌ باشوورى کوردستان به‌شى تایبه‌ت به‌ گرافیک دیزاین بکرێته‌وه‌ تا باشتر خوێندکاران بتوانن لێى سوودمه‌ند ببن.

لاى خۆشیه‌وه‌ مامۆستا بڕیار جه‌لال مامۆستاى گرافیک دیزاین له‌ به‌شى ته‌کنیکى میدیا له‌ زانکۆى پۆلیته‌کینیکى سلێمانى وێراى سوپاسکردنى مامۆستا ئارى که‌ له‌سه‌ر ئه‌رکى خۆى مامۆستایانى زانکۆى ته‌کنیکى کچانى سنه‌ى داوه‌تى هه‌رێمى کوردستان کردبوو، هیواشى خواست بتوانن له‌ ساڵانى ئاینده‌دا گه‌شه‌ى زیاتر به‌ زانستى گرافیک دیزاین بدرێت له‌ زانکۆى پۆلی ته‌کنیکى سلێمانى و پێشنیارى کرد له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌ لایه‌نه‌ ته‌کنیکیه‌کانى ترى میدیادا بکرێته‌ به‌شێکى سه‌ربه‌خۆ له‌ به‌شى ته‌کنیکى میدیاى زانکۆى پۆلیته‌کینیکى سلێمانى، چونکه‌ به‌ بڕواى ناوبراو به‌هێزکردنى تواناى ته‌کنیکى خوێندکاران پێویستى به‌ کاتى زیاتر هه‌یه‌، به‌ جۆرێک خوێندکاران وا به‌هێز بکرێن کاتێک زانکۆیان ته‌واو کرد بتوانن شاره‌زاییان له‌ ته‌واوى لایه‌نه‌ ته‌کنیکییه‌کانى میدیا هه‌بێت. له‌ ئێستادا زۆرینه‌ى میدیاکانى هه‌رێم گرنگى و بایه‌خى زۆر به‌ گرافیک دیزاین ده‌ده‌ن و له‌ هه‌واڵ و راپۆرت و زۆرینه‌ى ژانره‌کانى رۆژانه‌یان بایه‌خى ته‌واویان پێداوه‌، زۆرجار به‌ ئامانجى زیاتر گه‌یاندنى په‌یامه‌کانیان زیاتر له‌ هه‌رشتێکى دیکه‌ په‌نا بۆ گرافیک ده‌به‌ن، چونکه‌ له‌ که‌مترین کاتدا زۆرترین مانا ده‌گه‌یه‌نێته‌ بینه‌ر.