خولی ساڵانەی تۆپی پێی پەیمانگای تەكنیكی دوكان كۆتاییهات

  • 2017-05-24
  • 838 Views
خولی ساڵانەی تۆپی پێی پەیمانگای تەكنیكی دوكان كۆتاییهات

لەپێناو زیاتر ئاشنابوون و ڕەخساندنی كەشێكی وەرزشیی بۆ خوێندكاران، پەیمانگای تەكنیكی دوكان بە هاوكاری كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان خولی ساڵانەی تۆپی پێی بۆ بەشەكانی پەیمانگا رێكخست.

رۆژی یەكشەممە ۲۰۱۷/٥/۲۱ بەئامادەبوونی د.كاوە ڕەزا راگری پەیمانگای تەكنیكی دوكان و بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پەیمانگا و مامۆستایان و نوێنەری كۆمەڵەی خوێندكاران، یاری كۆتایی خولەكە بەڕێوەچوو، كە گرووپی بەشی (كارگێڕی بانك گرووپی B – قوناغی دووەم بەرامبەر بەشی ئەلیكترۆن ) یاریكرد، لە ئەنجامدا كارگێڕی بانك گرووپی B – قوناغی دووەم بە (5) گۆڵ بەرامبەر بە (3) گۆڵ لە بەشی ئەلیكترۆن-ی بردەوە و توانی پلەی یەكەم و پاڵەوانی خولەكە بەدەستبهێنێت.

دواتر لەلایەن راگری پەیمانگا و ئەندامانی ئەنجومەن و مامۆستایان و كۆمەڵەی خوێندكارانەوە خەڵات بەسەر هەردوو گرووپدا دابەشكرا و خوێندكار (شێرزاد عەبدولڕەحمان)یش بە تۆماركردنی (٢٠) گۆڵ بووە گۆڵكاری خولەكە.

شایەنی باسە خولەكە پێكهاتبوو لە ١٦ گرووپ لە سەرجەم بەشە زانستییەكانی پەیمانگا و لەلایەن هۆبەی راگەیاندن و چالاكییەكانی پەیمانگاوە رێكخرابوو، هەروەها سەرجەم پێداویستییەكانی خولەكەش لەلایەن راگرایەتی پەیمانگای تەكنیكی دوكانەوە دابینكرا بوون.