بە ئامانجی زیاتر ئاشناكردنی خوێندكارانی بەشی ئەندازیاری پلانسازی شار لەلایەن دوو مامۆستای بەشەكەوە خولێكی تایبەت بە پرۆگرامی ئەوتۆكاد Auto cad كرایەوە كە بڕیارە بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەردەوامی هەبێت لە ٢٣/٧/٢٠١٧ تا کۆتایی مانگى ئاب.
خولەكە لە هۆڵی ناوەندی كۆمپیوتەر لە كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەوترێتەوە و تایبەتە بە خوێندكارانی دەرچووی قۆناغی یەكەمی ئەمساڵی بەشەكە، كە تێیدا لەلایەن مامۆستایانەوە خوێندكاران ئاشنا دەكرێن بەو پرۆگرامە، چونكە لە قۆناغی دووەمی خوێندنیان وانەیەكی سەرەكییە و پێویستە هەموویان شارەزاییان دەربارەی هەبێت.
هەروەها خولەكە بەشێوەی خۆبەخش لەلایەن هەردوو مامۆستای بەشی تەكنیكی ئەندازیاری پلانسازی شار مامۆستایان ( شاخەوان محەمەد و ئارا حەسەن) دەوترێتەوە كە لە ئێستادا وەك مامۆستای یاریدەدەر لە بەشی ناوبراو خزمەت دەكەن.
مامۆستا شاخەوان رایگەیاند: ” ئەم پرۆگرامە زۆر گرنگە بۆ تەواوی خوێندكارانی بەشەكەمان بۆیە هەر دوای دەرچوونیان لە قۆناغی یەكەم ئێمە ئەم خولەیان بە تایبەت بۆ دەكەینەوە، چونكە وانەیەكی بنەڕەتی بەشەكەیە و بەهۆیەوە خوێندكاران فێری دیزاین و وێنەكێشان دەبن”، ئاماژەی بەوەشدا گرنگە خوێندكاران پێش ئەوەی دەست بە خوێندنی قۆناغی دووەم بكەن شارەزاییان لەسەر ئەو بەرنامەیە هەبێت، بۆیە ئەوان ساڵانە و لە پشووی هاویندا ئەو خولە تایبەتەیان بۆ دەكەنەوە و خوێندكاران بە بنەما سەرەكییەكانی ئەو پرۆگرامە ئاشنا دەكەن.
ئەو خولە پێنج هەفتە دەخایەنێت و هەفتانەش بۆ چوار رۆژ و هەر رۆژەش دوو كاتژمێر بەردەوامی دەبێت، كە تێیدا وانەكان بەشێوەی تیۆری و پراكتیكی دەوترێنەوە و پاشانیش ئەركی ماڵەوە بە خوێندكارەكان دەسپێردرێت بۆئەوەی بتوانن لە رێگەی راهێنانەوە زیاتر ئاشنای بابەتەكانی خولەكە ببن.