زانکۆی ئیڵز ئەنتەرناشیۆناڵى ئێرلەندى باوەڕپێکراو نیە 

  • ئاب 7, 2017
  • 690 Views
زانکۆی ئیڵز ئەنتەرناشیۆناڵى ئێرلەندى باوەڕپێکراو نیە 

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕێوشوێنى یاسایى بەرامبەر بەو کەس و لایەنانە دەگرێتە بەر کە بەبێ گەڕانەوە بۆ دامەزراوە شەرعییەکانى هەرێمى کوردستان پرۆتۆکۆڵ بۆ کردنەوەى هەر لقێکى زانکۆ لە شارەکانى هەرێمى کوردستان ئیمزا دەکەن.

عەباس ئەکرەم وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەچەند ڕۆژى ڕابردودا هەواڵێک لە چەند دامەزراوەیەکى ڕاگەیاندن بڵاوکراوەتەوە کە گوایە کۆمەڵێک خەڵک بەناوى ڕێکخراوى (یارییەکانى ئاشتى نێودەوڵەتى – جنێڤ) لەگەڵ زانکۆی ئیڵز ئەنتەرناشیۆناڵى ئێرلەندى (دبلن)  ڕێکەوتنامەیەکیان ئیمزاکردوە بۆ کردنەوەى لقێکى ئەو زانکۆیە لەشارى هەولێر کە تایبەت دەبێ بەوەرگرتنى خوێندکارانى ئاوارەى سوریا.

وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕونیشیدەکاتەوە، ئەم زانکۆیە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى نەکردوەو، لە پەیوەندیشمان بە وەزارەتى ناوخۆ و ئیدارەى پارێزگاى هەولێر ئەوان بێ ئاگایى خۆیان پیشاندا لە کردنەوەى لقى ئەو زانکۆیە، بۆیە ئەوان هیچ مۆڵەتى کارکردنیان لە هەرێمى کوردستان وەرنەگرتوە، هاوکات وەزارەتەکەمان بەڕێگەى نوسراوى ڕەسمى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە کارە نایاساییەکانى ڕێکخراوى (یارییەکانى ئاشتى نێودەوڵەتى – جنێڤ) ئاگادار دەکات، بۆ ئەوەى ڕێوشوێنى یاسایى و کارگێڕى بەرامبەر بگرنەبەر.

هەر پەیوەست بەو بابەتە ئەنوەر عەبدولڵا بەڕێوەبەرى کاروبارى یاسایى و گرێبەست لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان بەمافى یاسایى خۆى دەزانێت ڕێوشوێنى یاسایى بەرامبەر بە ڕێکخراوى (یارییەکانى ئاشتى نێودەوڵەتى – جنێڤ) و، زانکۆى ناوبراو و ئەو کەسانە بگرێتە بەر، کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە، لەهەمان کاتدا ئەو کەس و ڕێکخراوانە روبەڕوى یاساین دەکەینەوە و، لەدادگا سکاڵایان لە دژ تۆمار دەکەین.

سیستمى خوێندن لە زانکۆى ئیڵز ئەنتەرناشیۆناڵى ئێرلەندى (دبلن) بەشێوازى (ئۆنلاین)ە واتە خوێندن لە دوورەوە، ئەو سیستەمەش لە سیستمى خوێندنى باڵا-ى هەرێمى کوردستان و ئێراق باوەڕپێکراو نیە، بۆیە هەرکەسێک خوێندن لەم جۆرە زانکۆیانە تەواو بکات، وەزارەتەکەمان دان بە بڕوانامەکەى نانێت و کارى یەکسانکردنیشى بۆ ناکات و خۆشیان بەرپرسیار دەبن لە ئایندەى خۆیان.