كارەكانی كۆنفرانسی زانستی تەندروستی نێودەوڵەتی كۆتاییهات

  • ئاب 8, 2017
  • 442 Views
كارەكانی كۆنفرانسی زانستی تەندروستی نێودەوڵەتی كۆتاییهات

بە خستنەڕووی زیاتر لە 35 توێژینەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی كۆتایی بەكارەكانی كۆنفرانسی زانستی تەندروستی نێودەوڵەتی هێنا، كە بۆ یەكەمین جار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان خوێندكاران بە چەند توێژینەوەیەك بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا كرد.

بە چاودێری د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و بە سەرپەرشتی پ.ی.د. ئالان فەریدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی، سەعات 10ی بەیانی رۆژی سێشەممە 8-8-2017 بە ئامادەبوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و ژمارەیەكی زۆر لە پزیشكان و لێپرسراوانی حكومی و حزبی و مامۆستایان هەروەها خوێندكاران، كۆنفرانسی نێودەوڵەتی تەندروستی و زانستە پزیشكییەكان بەناونیشانی ( با هەمووان پێكەوە كاربكەین بۆ باشتركردنی سێكتەرە تەندروستییەكان لە كوردستان دا) لە شاری پزیشكی فاروق لە سلێمانی دەستیپێكرد.

لە سەرەتای كۆنفرانسەكەدا پ.ی.د.محەمەد بابەكر راگری كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سەرەڕای بە خێرهاتنی میوانەكان وتی: سوپاسی پ.ی.د. ئالان فەریدون دەكەین كە بە پشتیوانییە بەردەوامەكانی بەڕێزیان ئەم كۆنفرانسە رێكخراوە، ئەم كۆنفرانسە بە بەشداری رێژەیەكی بەرچاو لە توێژەری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی كە لە وڵاتانی (ئیتاڵیا، سویسرا، بەریتانیا، ئەردەن، بەحرەین و مالیزیا) ئەنجامدەدرێت، بەشێوەیەك زیاتر لە 64 توێژینەوەمان بەدەست گەیشتووە كە لەو رێژیەش 38 توێژینەوە هەڵبژێردراون و لەم كۆنفرانسەدا لە سێ هۆڵی جیاواز دەخرێنەڕوو، هەروەها 9 توێژینەوەیان لەلایەن خوێندكارانەوە پێشكەش دەكرێت كە ئەمەش بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان خوێندكاران بەشداری لە كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكاندا دەكەن.

پاشان لە وتەیەكیدا پ.ی.د. ئالان فەریدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رایگەیاند: وەك زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەردەوام كار دەكەین بۆ ئەنجامدانی چالاكی زانستی و كۆنفرانسی نێودەوڵەتی هەروەها پشتگیری كاری هاوبەش دەكەین لەگەڵ زانكۆكان و دەزگاكانی جیهاندا، كە ئەمڕۆ لە نێوان زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆی لیستەری بەریتانی و دەزگای ئەنەچێسی بەریتانی ئەم كۆنفرانسە بەڕێوەدەچێت، لەپێناو بوژاندنەوەی توێژینەوەی زانستی و پێشخستنی سیستمی لە هەرێمی كوردستاندا.

پ.ی.د. ئالان فەریدون ئاماژەی بە قەیرانی دارایی و شەڕی نەگریسی داعش كرد و وتی: سەرەڕای ئەو نەهامەتیانە دەتوانین لە رێگای كاری زانستی و ئەكادیمیی وڵاتێكی هاوچەرخ و سیستمێكی كۆمەڵایەتی هاوچەرخ بونیات بنێین، هەربۆیە سوپاسی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەین كە هەمیشە پشتیوانمان بووە بۆ گەشەكردنی زانكۆ و خوێندنی تەكنیكی لە هەرێمی كوردستان.

سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڵێنیدا وەك هەمیشە لەگەڵ سەرۆكایەتی و ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ و سەرجەم مامۆستایان و خوێندكاران كار دەكەین بۆ گونجاندنی زانكۆ لەگەڵ پێداویستی بازاڕی كار و گەشەكردنی كۆمەڵایەتی و مەعریفی لە هەرێمی كوردستان.

دواتر توێژەران لە سێ هۆڵی جیاوازدا توێژینەوەكانیان بۆ ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە خستەڕوو، ئامادەبووانیش بە پرسیار و سەرنج و تێبینییەكانیان بەشدارییان لە كۆنفرانسەكەدا كرد.

لە كۆتایی كۆنفرانسەكەدا پ.ی.د. ئالان فەریدون سوپاسی توێژەران و بەشداربووان و ئامادەبووانی كۆنفرانسەكەی كرد و پاشان لەلایەن پ.ی.د. ئالان فەریدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی د.دانا ئەحمەد یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری خوێندكاران و كارگێڕی و دارایی بڕوانامەی نێودەوڵەتی بە توێژەران و بەشداربووان و ئامادەبووانی كۆنفرانسەكەدا بەخشرا.

بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو 15/8/2017 زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهاوبەشی لەگەڵ زانكۆی جیهان لە سلێمانی، یەكەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە بوارەكانی ئەندازیاری و زانستی كۆمپیوتەر و ئەندازیاری كۆمپیوتەردا لە هۆڵەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئەنجام بدەن.

لە ماوەی رابردوودا زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی چەندین دیدار و كۆنفرانس و لێكتێگەیشتنی زانستی و ئەكادیمیی نێودەوڵەتی ئەنجامداوە، لەپێناو گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی و تەكنیكی خوێندكاران لە هەرێمی كوردستان، هەربۆیە لە نوێترین ریزبەندی ویبۆمێتریكس زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی پێش ٧٩٥ زانكۆی دیكەی جیهان كەوتووە و لەئێستاشدا ریزبەندی 10یەمی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و 29یەمی زانكۆكانی عیراقی گرتووە.

راگەیاندنی زانكۆ/
ئامادەكردنی: شیروان جەمال
فۆتۆ: بژێو بەهجەت