پڕۆژەیەكی گرنگ بەبڕی یەك میلۆن یۆرۆ لە بواری خوێندنی باڵا جێبەجێ دەكرێت

  • ئاب 14, 2017
  • 982 Views
پڕۆژەیەكی گرنگ بەبڕی یەك میلۆن یۆرۆ لە بواری خوێندنی باڵا جێبەجێ دەكرێت

یەكێتیی ئەوروپا بەبڕی یەك ملیۆن یۆرۆ رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی تێچووی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی گرنگی بواری خوێندنی باڵا لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا دەربڕی.

لە پڕۆژەكەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكانی (پۆلیتەكنیكی سلێمانی، هەولێر و دهۆك، سەڵاحەددین/ هەولێر، سلێمانی، چەرموو، ڕاپەڕین، هەڵەبجە) بەشدار دەبن، پڕۆژەكە تایبەت دەبێت بە دروستكردن و بەهێزكردنی توانای مامۆستایان و بە نێودەوڵەتیكردنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.

بۆیە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دەرگایەكی دیكە بەڕووی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بۆ بەرزكردنەوەی توانای زانستی مامۆستایان و ئاشنابوون بە پێشكەوتنەكانی جیهان، جگە لەوەش دەرفەتی خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا بۆ خوێندكارانی كورد لە زانكۆكانی ئاڵمانیا و چیك دەڕەخسێنێت.

لە مانگی نیسانی ساڵی (٢٠١٥) وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەرۆكایەتی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) لە ئەڵمانیا كرد و بەجیا لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆكی زانكۆكە و ڕاگری كۆلێژەكانی كۆبۆوە، لە سەرجەم كۆبوونەوەكاندا وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم باسی لە گرنگی و پێویستی بەهێزكردنی پەیوەندییە زانستی و ئەكادیمییەكانی نێوان (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) و، دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان كرد، لەبەرامبەریشدا سەرۆكی زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) ئامادەیی پیشاندا هاوكاری زانستی و لۆجیستی پێشكەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی كوردستان بكەن.

زانكۆی (جۆرج ئۆگەست گوتینگن) یەكێكە لە زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهان و لە ساڵی (1737) دامەزراوە، جگە لە پێگەیاندنی‌ دەیان زانا و لێكۆڵەری‌ نێودەوڵەتی‌، (٥٠) خەڵاتی‌ نۆبڵی‌ لە بواری‌ زانستی‌ وتوێژینەوەدا بەدەستهێناوە و‌ پلەی یەكەمی زانكۆكانی ئەڵمانیای لە بواری بەهێزی پەیوەندی دەرەكی هەیە و لەهەمان كاتدا هاوبەشی لەگەڵ دەز‌گای (ماكس پلانگ) هەیە، كە ئەوەش بە پێنجەم دەز‌گای توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.

راگەیاندنی زانكۆ/
شیروان جەمال