تاقیکردنەوەی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری ئەنجامدرا

  • ئه‌یلول 16, 2017
  • 586 Views
تاقیکردنەوەی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری ئەنجامدرا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٦/٩/٢٠١٧ لەکەمپی کۆلێجە تەکنیکییەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی تاقیکردنەوەی تیۆری وەرگرتنی راستەوخۆ بۆ بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی لەھۆڵی سێمینار بەڕێوەچوو، کە ٦٢ خوێندکار بەشدارییان تێداکرد.
لەوبارەیەوە د.کاروان عەلی سەرۆکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری وتی: پڕۆسەی تاقیکردنەوەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و پرسیارەکانیش دابەشببوون بەسەر چەند تەوەرێکدا، تەوەرێکیان تایبەت بوو بەزمانی ئینگلیزی کە پرسیاری سادەو ساکاربوون، ھەندێک لەپرسیارەکانیش تایبەت بوون بە ریکلامکردن و بازاڕگەری و بەکاربەر، جگە لەوەش، لەبارەی پەیوەندییە گشتییەکانیشەوە، چەند پرسیارێک ھاتبوونەوە. شێوازی پرسیارەکانیش بەگشتی بریتی بوون لەھەڵبژاردن و تەنھا لەدووان لەپرسیارەکاندا داوا لەخوێندکار کرابوو کە بە چەند دێڕێک نووسین وەڵام بدەنەوە.
سەرۆکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری وتیشی: ئێمە وەکو بەش چاوەڕێ بووین کە ئەو ژمارە زۆرەی خوێندکاران بەشداریی بکەن لە تاقیکردنەوەکە و ھەموو ئامادەکارییەکیشمان بۆ کردبوو، جگە لەوەش چاوپێکەوتنێک لەگەڵ خوێندکاراندا کرا کە ھەر لەدوای تاقیکردنەوەکە ئەنجامدرا، ھیچ نمرەیەکی لەسەر نییە، بەڵام وەک بەشێک لە پڕۆسەکە گرنگیی خۆی ھەیە، ئامانجی چاوپێکەوتنەکەش بۆ ناسینی خوێندکاران و ئاستی لێھاتوویی قسەکردن و رەفتارو زانیاریی گشتییان بوو بۆ ھەڵسەنگاندنی تواناو لێھاتووییان.