خولێكی زانستی بۆ كارمەندانی تەندروستی دەستیپێكرد

  • تشرینی یه‌كه‌م 1, 2017
  • 584 Views
خولێكی زانستی بۆ كارمەندانی تەندروستی دەستیپێكرد

لەدرێژەی كارە زانستی و ئەكادیمییەكانی كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی سەر بە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی خولێكی تری زانستی بۆ كارمەندانی تەندروستی دەستیپێكرد و بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام دەبێت.

رۆژی (2017/10/1) لە هۆڵی كۆنفرانسی كەمپی كۆلێجە تەكنیكییەكانی سەر بە زانكۆ و بەئامادەبووانی پ.ی.د.محمد بابەكرمینە راگری كۆلێجی تەكنیكی تەندروستی و هاوژین عوسمان سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی و ئاوات ابوبكر حمەامین ئەندامی لقی سلێمانی سەندیكا و لێپرسراوی بەشی تاقیگەكان و لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، خولێكی تری زانستی بەناوی (خولی زانستی بۆ كارمەندانی تەندروستی) دەستیپێكرد كە بۆ ماوەی (6) مانگ بەردەوام دەبێت.

خولەكەش بۆ كارمەندانی سەر بە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و بۆ زیاتر بەرەو پێشچوونی زانست و ئاشنابوونیانە بە بوارە جیاجیاكانی تەندروستی بەتایبەت زانستی تاقیگە، لە كۆتایی خولەكەشدا بڕوانامەی بەشداربوون دەبەخشرێتە دەرچووان.