زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ماته‌میان بۆ كۆچی سه‌رۆك تاڵه‌بانی گێڕا

  • تشرینی یه‌كه‌م 4, 2017
  • 876 Views
زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ماته‌میان بۆ كۆچی سه‌رۆك تاڵه‌بانی گێڕا

له‌پاش ئه‌وه‌ی دوێنێ 2017/10/3 هه‌واڵی كۆچی دوایی سه‌ركرده‌و پێشمه‌رگه‌و بیرمه‌ند و شۆڕه‌سواری شۆڕش و كوردایه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بڵاو بویه‌وه‌ ، سه‌رجه‌م كوردستانیان له‌ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات و گشت خاوه‌ن هه‌ستێك ڕاچڵه‌كی و به‌ بیستنی ئه‌و هه‌واڵه‌ ماته‌م ڕووی تێكردن.

له‌شاری سلێمانیش به‌تایبه‌تتر ئه‌و هه‌واڵه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دانیشتوانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی دانا و به‌جۆرێك گه‌وره‌و بچوك و پیرو منداڵ به‌ چاوی پڕ له‌ فرمێسكه‌وه‌ ده‌بینران، ئه‌مڕۆش 2017/10/4 له‌ده‌ستپێكی به‌یانییه‌وه‌ شه‌قام و كۆڵان و شوێنه‌ گشتییه‌كان ڕازێنرایه‌وه‌ به‌ وێنه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال و ووته‌ جوان و پڕبایه‌خه‌كانی،

هه‌ر به‌و بۆنه‌ خه‌مناكه‌شه‌وه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ سه‌رپه‌رشتی ڕاسته‌وخۆی پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆو به‌ ئاماده‌بوونی یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ و به‌ڕێوه‌به‌ران و فه‌رمانبه‌رانی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ مه‌راسیمێكی ماته‌م گێڕانیان به‌ڕێوه‌برد بۆ كۆچی ئه‌و كه‌ڵه‌ سیاسه‌تمه‌داره‌ی كه‌ مه‌حاڵه‌ دووباره‌ بونه‌وه‌ی.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا سه‌رۆكی زانكۆ و سه‌رجه‌م ئاماده‌بوان وێنه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لالیان له‌سه‌ر سنگیان دانابوو وه‌ به‌ چاوی پڕفرمێسك و هه‌ناوێكی گه‌رمه‌وه‌ چه‌ند ساتێك به‌بێده‌نگی له به‌رده‌م ژوره‌كانیاندا به‌ پێوه‌ وه‌ستان و گوزارشتیان له‌ خه‌مێكی گه‌وره‌ ده‌كرد به‌ له‌ده‌ست دانی مامی گه‌وره‌.

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆ له‌ وته‌یه‌كیدا سه‌ری ڕێزو وه‌فای له‌به‌رده‌م وێنه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لالدا نه‌وی كردو باسی له‌ مه‌رگی پێش وه‌خته‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال كرد و ڕایگه‌یاند گه‌لی كورد له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستی به‌ بڕیاره‌ حه‌كیمانه‌و ئازایانه‌كانی مام جه‌لال هه‌یه‌ ، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا به‌ ڕۆڵی ئیجابیانه‌ی ئه‌و سه‌ركرده‌ ماندونه‌ناسه‌ كه‌ هه‌موو ته‌مه‌نی خۆی له‌خزمه‌تكردن به‌ گه‌ل و نیشتمان خه‌رجكرد و تا دواساته‌كانی نه‌خۆشكه‌وتنی هه‌ر له‌و كاروانه‌ به‌رده‌وام بوو.

پاشان ڕۆڵی گه‌وره‌ی به‌ڕێزیانی ده‌رخست له‌ پشتیوانی و داكۆكی كردن له‌ خوێندن و فێركردن به‌تایبه‌تیش له‌ بره‌و دان به‌ خوێندنی باڵاو كه‌سانی ئه‌كادیمی، هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاو كه‌ ئه‌و كه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌یه‌ هه‌ڵیگرت له‌ دوای ڕاپه‌ڕینی گه‌له‌كه‌مان له‌ساڵی 1991 هێنانه‌وه‌و دامه‌زراندنی زانكۆی سلێمانی بوو وه‌ دوای ئه‌ویش به‌ده‌یان زانكۆی تری له‌ شاری سلێمانی و شارو شارۆچكه‌كانی تردا كرده‌وه‌ به‌ هاندان و پشتیوانی ماددی و معنه‌وی، چونكه‌ كه‌ ئه‌و ده‌یزانی هه‌موو خاوه‌ن بڕوانامه‌كان و خوێنده‌واره‌كان ووڵاتێكی پێشكه‌وتوو بونیاد ده‌نێن. هه‌ر بۆیه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ شانازییه‌وه‌ ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سه‌رچاوه‌ی دروست بون و بونیادی ئه‌م زانكۆیه‌ به‌ڕێز مام جه‌لال بوه‌و هه‌ر پشتیوانی و هاندانه‌كانی به‌ڕێزیان بوو كه‌ ئێستا گه‌شتۆته‌ ئاستێكی دڵخۆشكه‌ر.

له‌كۆتایی قسه‌كانیدا پ.ی.د ئالان فه‌ره‌یدون علی ئه‌مین سه‌رۆكی زانكۆ سه‌ره‌خۆشی له‌ خاتوو هێرۆ ابراهیم احمد و كاك پاڤڵ و كاك قوباد و مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كیتی نیشتمانی كوردستان ته‌واوی خه‌ڵكی شاری سلێمانی و ئاماده‌بوان كرد و به‌ڵێنی دا كه‌ وه‌ك خوێندكارێكی ڕێبازه‌كه‌ی مام درێژه‌ به‌ كاروان بده‌ن تا گه‌یشتن به‌ دوا ئامانج و ئه‌نجامی گه‌له‌كه‌مان.

دواتر له‌لایه‌ن ئاماده‌بوانی ماته‌مه‌كه‌وه‌ 84 مۆم بۆ ڕۆحی پاك و به‌رزه‌ فڕی سه‌رۆك مام جه‌لال داگیرسێنرا و هه‌موو لایه‌ك به‌ چاوی پڕ فرمێسكه‌وه‌ داوایان له‌خوای گه‌وره‌ كرد به‌ به‌هه‌شتی به‌رینی خۆی شاد بكات.

شایانی باسه‌ له‌سه‌ر بڕیاری سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی ئاڵای كوردستان و عێڕاق و زانكۆ  له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆو سه‌رجه‌م كۆلێج و په‌یمانگاكانی سه‌ربه‌ زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی داگیرا بۆ نیوه‌و به‌ نوسینی چه‌ندین لافیته‌و پۆسته‌ری ماته‌مگێڕی یه‌كه‌م ڕۆژی دوای كۆچی به‌ڕێز مام جه‌لالیان به‌ڕێكرد.

ئاماده‌كردنی : ڕاگه‌یاندنی زانكۆ

وێنه‌گر : بژێو به‌هجه‌ت

هه‌واڵساز : سۆران حسن