بەوێنە .. بومەلەرزەکە زیانێکی زۆری بە پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان گەیاندووە

  • تشرینی دووه‌م 14, 2017
  • 1298 Views
بەوێنە .. بومەلەرزەکە زیانێکی زۆری بە پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان گەیاندووە

بومەلەرزەکەی چەند رۆژی رابردوو، سەرەڕای ئەوەی کە زیانێکی زۆری بە ماڵ و حاڵی ھاوڵاتیان گەیاندو زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە، لەھەمان کاتدا پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان کە سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانییە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە، بڕیاریش وایە سبەینێ پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ئالان فەرەیدوون عەلی ئەمین سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی سەردانی پەیمانگاکە بکات بۆ ئەو مەبەستە.
لەوبارەیەوە سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی رایگەیاند، ئەوان ھەر لەیەکەم رۆژی پاش رووداوەکەوە بەووردی چاودێری بارودۆخی پەیمانگاکەو زیانەکانی و بینای پەیمانگاکەیان کردووەو لەگەڵ شارەزایانی ئەندازیاری لەپەیوەندیدان تاوەکو رێگا چارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ بەزوویی چارەسەرکردنی گرفتەکان و دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن و دڵنیابوون لەسەلامەتی گیانی فەرمانبەران و مامۆستایان و خوێندکارانی پەیمانگاکە.
سەرۆکی زانکۆ ووتیشی، بەدڵنیاییەوە بەرێگەچارەی گونجاوەوە سەردانی پەیمانگاکە دەکەین و ھەوڵی دابینکردنی بودجەی پێویستیش دەدەین بۆ بەزووی چاککردنەوەی زیانەکانی بومەلەرزەکە.
جێی ئاماژەیە بومەلەرزەیەکی بەھێز ھەرێمی کوردستانی ھەژاندو بەھۆی نزیکی چەقی بومەلەرزەکەش لەدەربەندیخان و ھەڵەبجەوە، زیانێکی زۆری بەداخەوە گیانی و ماددی لێکەوتەوە، کە بومەلەزەکە بە پلەی ٧.٣ پلەی رێختەربوو.