نزیكەی 7 ملیۆن دۆلار بۆ دەرچووانی تواناسازی خەرج دەكرێت

  • تشرینی دووه‌م 21, 2017
  • 626 Views
نزیكەی 7 ملیۆن دۆلار بۆ دەرچووانی تواناسازی خەرج دەكرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەك قۆناغی یەكەم بڕیاریدا بە خەرجكردنی نزیكەی 7 ملیۆن دۆلار بۆ لیستی نۆیەمی شایستەی دارایی دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی، كە تیایدا (826) دەرچووی تواناسازی لێی سودمەند دەبن.

عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند: لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەكانی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ دابینكردنی شایستەی دارایی بۆ دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی ئەوانەی خوێندنیان بە سەركەوتووی تەواوكردەوە و پاكتاوی داراییان ئەنجام داوە و پارەیان لەلای حكومەت ماوە، بۆ ئەوەش لیژنەی دابەشكردنی شایستە داراییەكانی بەرنامەی تواناسازی بڕیاریدا بە خەرجكردنی لیستی نۆیەمی شایستەی دارایی دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی ئەوانەی كە بە سەركەتووی خوێندنیان تەواوكردوە.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاشیگەیاند: لیستی نۆیەمی شایستەی دارایی دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی بڕەكەی بریتیە لە (٦,٥٥٣,٦١٠) ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە، بۆ ئەوەش (٨٢٦) دەرچوی بەرنامەی تواناسازی لێی سودمەند دەبن، كە وەك قۆناغی یەكەم (٥٠%) كۆی شایستە داراییەكانی كاندیدانی دەرچووی تواناسازی خەردەكرێت.

لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرجەم ئەو دەرچووانەی بەرنامەی تواناسازی ئاگادار دەكات،‌ كە ناویان لە لیستی ژمارە (٩)ی ساڵی (٢٠١٧)ی هاوپێچدا هاتووە و، ژمارەیان (٨٢٦) دەرچووە، سەردانی وەزارەت بكەن، بۆ زانیاری زیاتر و بینیی ناوی سوودمەندبووان دەتوانن سەردانی ئەم لینكە بكەن.