تاقیکردنەوەی IELTS دەستی پێکردەوە

  • كانونی یه‌كه‌م 9, 2017
  • 1814 Views
تاقیکردنەوەی IELTS دەستی پێکردەوە

دوای ڕاگرتنی بۆ ماوەیەک و دواخستنی ھەردوو تاقیکردنەوەی مانگی ١٠و ١١ بۆ ساڵی ئایندە بەھۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لەماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بوویەوە، تاقیکردنەوەی IELTS بەسەرپەرشتی بریتش کاونسڵ لەسەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستی پێکردەوەو بەردەوامی دەبێت بۆ ساڵی ئایندە.

لەوبارەیەوە، بەڕێز م. ھۆگر محەمەد بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی زانکۆمان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەمە ٩.١٢.٢٠١٧ تاقیکردنەوەی IELTS بەڕێوەچوو، کە ١١٣ کاندید کە پێشووتر ناویان تۆمارکراوە بەشداری ئەو تاقیکردنەوەیەیان کردووە.

بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی زانکۆمان ئەوەشی ڕاگەیاند، کە لەلایەن بریتش کاونسڵەوە دڵنیاکراوینەتەوە کە تاقیکردنەوەکان بۆ ساڵی ئایندە بەردەوامیان دەبێت و کاندیدان دەتوانن لەگەڵ ڕاگەیاندنی خشتەی نوێی تاقیکردنەوەکانی ساڵی ٢٠١٨ کە بڕیارە لەم مانگەدا ڕابگەیەنرێت ناوی خۆیان تۆماربکەن لەڕێی ماڵپەری فەرمی بریتش کاونسەڵەوە یان سەردانی سەنتەرمان بکەن بۆ ئەو مەبەستە.

ھەروەھا م. ھۆگر محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوەکان دوابەدوای ھەوڵەکانمان بۆ چارەسەری گرفتەکانی بەردەم ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە لەشاری سلێمانی ھات لەڕێی کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەڕێوەبەری بریتش کاونسڵی ھەرێمی کوردستان لەمیانی سەردانی مانگی پێشووی بۆ سەنتەری زمانی زانکۆمان کەتیایدا جەختیکردەوە لەبەرەوەپێشچوونی پەیوەندیەکانی نێوان ھەردوولاو بەردەوامبوونی تاقیکردنەوەکە لەسەنتەرمان، وەک تاکە سەنتەری فەرمی بۆ بەڕێوەبەردنی تاقیکردنەوەی IELTS لەپارێزگای سلێمانی.