سازدانی وۆرک شۆپێک بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری

  • كانونی یه‌كه‌م 20, 2017
  • 967 Views
سازدانی وۆرک شۆپێک بۆ پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری

رۆژی سێ شەممە ١٩/١٢/٢٠١٧ لە ھۆڵی کتێبخانەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەچواچرا بەئامادەبوونی پ.ی.د. حکیم عوسمان راگری کۆلێژو د.کاروان عەلی سەرۆکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری و چەند دکتۆرو مامۆستایەکی تری پسپۆڕ لەبوارەکەدا، وۆرک شۆپێک لەژێر ناونیشانی پەرەپێدانی پڕۆگرامی خوێندن بۆ بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری بەڕێوەچوو.
لەوبارەیەشەوە د.کاروان عەلی سەرۆکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری وتی: ئەم وۆرک شۆپە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەرییە، کە بەشێکی تازەیە لەکۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمەڵێک لەھەڵگرانی بڕوانامەی دکتۆراو ماستەر لەبواری بازاڕگەری و کارگێڕی و ژمێریاری و پەیوەندییەگشتییەکان و میدیا، ئامادەی وۆرک شۆپەکە بوون و بەتێروتەسەلی وانەکانی ئەم بەشە ھەڵسەنگێنران و بیروڕای ئەکادیمیانە ئاڵوگۆڕ کرا، ھەوەھا گۆڕانکاری کرا لەھەندێک ماددەداو پێشخستنی ھەندێک ماددەی تر، بەجۆرێک کە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێ و ھەروەھا لەگەڵ شێوازو پڕۆگرامی وڵاتانی تریش بگونجێ.
سەرۆکی بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و بازاڕگەری وتیشی: ئەم بەشە بەشێکی ناوازەیە لەکوردستان، ئەمانەوێت بگاتە ئاستی ئەو بەشانەی کە لەجیھاندا ھەن، چونکە مامۆستاکانی ئەم بەشە ھەموو لەدەرەوەی وڵات بڕوانامەیان ھێناوەو زمانی ئینگلیزی دەزانن کە لێرە وانە دەڵێنەوە، ئامانجێکی تریشمان ئەوەیە کە بتوانین ئاستی خوێندکارەکانمان بەرزبکەینەوە، تا ئەو کاتەی بڕوانامەکەیان بەدەستھێنا بە پراکتیکی لەبازاڕی کاردا بتوانن کاربکەن و جێپەنجەیان دیار بێت.
د.کاروان لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: ئەم وۆرک شۆپە سەرەکی بوو، بەڵام ئێمە بۆ دیاریکردنی ھەر وانەیەک کە دەستکاری کراوە یاخود تازە ھاتۆتە ناو بەشەکە ‌دانیشتنی تری بۆ دەکەین لەگەڵ دکتۆرو مامۆستایان کە لەلیژنەی زانستی کۆلێژن بۆ ئەوەی پەیکەری ھەروانەیەک دابرێژین تا بۆ ساڵانی داھاتووش پەیڕەوی بکەین، واتە ئەمە وۆرک شۆپی سەرەکی بوو، بەڵام دوای ئەمە ‌لەسەر ئاستی کۆلێژ دەبێت.