به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بناسه‌

  • كانونی دووه‌م 24, 2018
  • 2419 Views
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی بناسه‌

*ناوی بەڕێوەبەرایەتی :

سەنتەری توێژینەوە

*مێژووی دامەزراندن:

١- بۆیەکەم جار لە ٢٩/١٢/٢٠١١ لەسەر ئاستی دەستەیی دامەزراوە.

٢- دواتر لەبەرواری ١٣/١١/٢٠١٣ لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە.

٣- لەبەرواری ٣٠/٣/٢٠١٥ وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی بە فەرمانی زانکۆیی ١٩٤١ لەپەیکەری ڕێکخستنی زانکۆدا جێگیرکراوە.

لەمانگی ٢ی ٢٠١٧ وەک سەرپەرشتیار دەست بەکاربووم بۆ چالاک کردن و فراوان کردنی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆمان.

*ژمارەی ھۆبەکانی سەر بەم بەڕێوەبەرایەتییە:

لەئێستادا ٤ ھۆبەی کەوتوەتە کارو ٤ھۆبەی تری لەپڕۆسەی چالاککردن دان .

ناوی هۆبه‌كان:

هۆبه‌ی پلاندانان

هۆبه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و فه‌ند

هۆبه‌ی كارگێڕی

هۆبه‌ی نوسینگه‌

 

*ژمارەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی :

لەئێستادا  ( ١٣) فەرمانبەری ھەیە وه‌ك ستافی كارگێڕی ، به‌ڵام سه‌نته‌ره‌كه‌مان گروپی توێژینه‌وه‌ی هه‌یه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ مامۆستایان و پسپۆڕان و ئه‌كادیمیانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی.

 

*تا چەند ژمارەی فەرمانبەرانتان لەگەڵ کارو چالاکییەکانتان یەک دەگرێتەوە ، یان بەڕێوەبەرایەتییەکەتان پێویستی بە ژمارەی فەرمانبەری ترنیە بۆ خێراترکردنی کاروبارەکان:

بێ گومان پێویستی زۆرمان بەستاف و توێژەری چالاک و بە تواناو خاوەن ئیتیکی بەرزی کارکردنی پیشەیی و گیانی تیم کارکردن ‌ھەیەو دەبێ بۆتەواو چالاکردنی سەرجەم ھۆبەو پلان و بەرنامە و پڕۆژەکانی سەنتەرو گروپە توێژینەوەکانمان.  لێرەوە دەمەوێت بە ئەو کەسانەی ئەو سیفاتانەیان تیادایە بڵێم کە سەنتەرەکەمان پێویستی پێتانەو باوەڕم وایە کە پێکەوە دەتوانین ھەنگاوی کرداریی زۆر کاریگەر بنێین.

 

*ئیش و کار و چالاکی سەرەکی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە چیە:

سەنتەرەکەمان زۆر گەنجەو لەماوەی پێشوودا خەریکی ڕێکخستنی شوێن و ڕێکارە ئیداری یەکانی و پێداویستیە لۆجستیکیەکانی بووین وەک بە ئەلیکترۆنی کردنی کارو چالاکیە زانستی و کارگێریەکانی سەنتەرەکەمان وە شان بە شانی ئەوەش بەشداربووین لە ڕێکخستنی چەندین چالاکی زانستی زانکۆمان و کارکردن لەسەر ڕێنمایی تایبەت بەئەندامانی سەنتەرو گرووپەکانمان. وە لەوچەند فەند ئەپڵیکەیشنەی کە بەھاوبەشی لەگەڵ چەند زانکۆیەکی نێودەوڵەتی پێشکەشم کردوون فەندێکی یەکێتی ئەوروپامان بۆ دەرچووە لەگەڵ زانکۆی ڕێدینگی بەریتانی و ھاوبەشەکانی. وە ناوی سەنتەری توێژینەوەمان بردە ناو کۆبوونەوەیەک و چەند ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی لە ئاستی UN

و ئامادەکاریمان کردووە بۆ ئەم ساڵ بۆ چالاک کردنی قۆناغ بە قۆناغی بەرنامە و پڕۆژەکانی سەنتەر بە پێی ئیمکانیات و دەستەبەرکردنی پێداویستیەکانمان. وە ئەمانەی خوارەوە ھەندێکن لەو بەرنامە و پڕۆژانە:

 

١- ئەنجامدانی پڕۆژەی تویژینەوەو کاریگەروفرە دسپلین لەڕێگەی گروپەکانی سەنتەرەکەمان ولەژێر چاودێری سەرپەررشتیاری نێودەوڵەتی. کەئەمە لە ئەولەویەتی کارەکانمان دایە بۆ چەند مانگی داھاتوو.

 

٢- زیادکردنی چالاکی توێژینەوەی ھاوبەشی نێودەوڵەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و ھاوبەشە نێودەوڵەتیەکانی وە بەستنەوەی زانکۆکەمان و توێژەرەوەکانی بە ھاوبەشی نوێی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی گروپەکانی توێژینەوە.

 

٣-زیادکردنی ژمارەی ( گرانت و فەند ) بۆ پشتگیری کردنی پڕۆژەکانی توێژینەوەی گروپەکانی سەنتەر.

 

٤- خزمەتکردنی بازاڕی کارو کەرتی گشتی و رێکخراو و کۆمەڵگا مەدەنی و نێودەوڵەتیەکان لە ڕێگەی پڕۆژە توێژینەوەکانی گروپەکانی سەنتەر.

 

٥-ئەنجامدانی چالاکی تایبەت بە گەشەسەندنی توانای توێژینەوەی زانستی لەڕێگەی ئەنجامدانی ۆرک شۆپ و سیمینارە پەیوەندیدارەکان لەکۆلێج و پەیمانگاکان بۆ سەرجەم مامۆستا و توێژەرەکانی سەر بە زانکۆمان و دواتر زانکۆکانی تری کوردستان.

 

٦-ڕێکخستنی سیاسات و ڕێنمایەکانی تایبەت بە توێژینەوەی زانستی لەسەر ئاستی زانکۆ و ھاندانی تویژەر لە ڕێگەی ڕێنمای ھاندان و پڕۆژەو چالاکیەکانمان.

 

٧- پشتگیری توێژەرانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ڕێگەی بەستنەوەو ھەوڵی ئاسانکاری کردن بۆیان بەگەیشتن بە سەرچاوەکانی توێژینەوە وەک تاقیگەوئەوئامێرانەی بەردەستن لەزانکۆکەمان، لەگەڵ سەرچاوەی کتێب و گۆڤارەکان.

٨- پەرەپێدانی توانای توێژینەوەی زانستی ستاف و توێژەر و ڕاھێنراوە خۆبەخشە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی سەنتەر.

٩- پێدانی زانیاری بە مامۆستایان و توێژەرەکانی زانکۆکەمان پەیوەست بە توانای توێژینەوە و فەند و گرانتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و ڕێنماییەکانی توێژەرو ھاندانی دارایی لە ڕێگەی ئێمڵ و ویب سایت و سۆشیال میدیا و یوتوب.

باوەڕم وایە کە بە کات و ھەوڵی بەردەوام و سەبر و سەرچاوەی مستقری دارایی و مرۆیی ھەموو ئەوچالاکیانەو چالاکی زیاتریش ئەنجام دەدەین.

 

*تا چ ڕادەیەک ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ھەنگاوی بەرەو تازەگەری ناوە:

سەرباری گەنجیەتی و تازەیی سەنتەرەکەمان خۆشبەختانە لەماوەیەکی کەمدا بەھاوکاری ستافە چالاک و خۆتەرخان کەرەکانی سەنتەرەکەمان توانیومانە چەند ھەنگاوێکی کرداری کاریگەر بۆ تازەگەری بنێین.

بۆ نموونە: لە ئیستادا بەشێکی زۆری کارە کارگێریەکانمان بەئەلکترۆنی ئەرشیف کردووە، وە خەریکی شیکارکردنی داتاو ئاماری ستافی ئاکادیمی زانکۆمانین بۆ بڕیاردان لەسەر چالاکی یە پەیوەندیدارەکانی سەنتەر.

وە ھەروەھا بەردەوامین لەپەیوەندی دروست کردن لەگەڵ چەند زانکۆو پڕۆفیسۆریکی نێودەوڵەتی بەناوبانگ وە ڕێکخستنی ۆرک شۆپ بۆ ستافەکانمان و ئامادەکاری بۆ پتەوتر کردنی کارکردن بەبنەمای فێرخوازی بەردەوام بۆ گشت ئەندامانی سەنتەر .

 

*یاساو ڕێنماییەکان تا چەند ڕوونییان تیادایە بۆ بەڕێوەبردنی ئیشەکانتان:

لەو ژمارە کەمە یاساو ڕێنماییانەی تایبەت بە توێژینەوەی زانستی کە ھەن لە کوردستان دا تائێستا  ناڕوونی ڕووبەڕومان نەبۆتەوە، بەڵام بە گشتی لەسەر ئاستی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوەراست کەمی ستراتجیەت و پلان و ڕێنمایی و پشتگوێ خستنی توێژینەوەی زانستی و داھێنان ئاستەنگی گەورەی بۆ ئێمەو ھەر سەنتەرێکی توێژینەوە لەکوردستان دروست کردووەو دەکات.

 

*پەیوەندیتان بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ناو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستییەوە چۆنە:

پەیوەندیەکانمان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵادا نیە بەڵکو لەڕێگەی سەرۆکایەتی زانکۆمانەوە پەیوەندیمان ھەیە.  لەتەواوکردنی ڕێکارە کارگێڕیەکانی سەنتەرەکەمان چەند بەربەستێکمان بۆ دروست بووە لەوەزارەت کە ھیوام وایە زوو تێپەڕببن.  جيية؟

 

*تا چ ڕادەیەک لە مامەڵەی سەرۆک و یاریدەدەرانی زانکۆ ڕازین:

تا ڕادەیەکی زۆر ڕازیم وە تاکو ئێستا پشتگیری زۆر کراوین لە لایەن بەڕیز سەرۆکی زانکۆ بەپێی توانای زانکۆکەمان و بارودۆخەکە.

ھەربۆمێژوو دەمەوێ ئەوە بڵێم کەپشتگیری وھاندان و تەرکیزی بەڕیز سەرۆکی زانکۆ (پ.ی.د. ئالان فەرەیدوون) بۆ چالاک کردن و پێش خستنی سەنتەرەکەمان ھۆکاربوون بۆ وەرگرتن و بەردەوام بوونم لەسەر ڕۆڵی سةرپەرشتیارێتی کردنی سەنتەری توێژینەوەی زانکۆمان لەم بارودۆخە سەختەی کوردستاندا لەھەموو لایەنێکەوە، ھەروەھا پشتگیری و ھاندانی بەڕێز یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی (پ.ی. د. سۆران ابوبکر) بۆ ئێمە زۆر جێگەی ڕێزو گرنگی یە.

 

*لە ڕووی کارگێڕییەوە پەیوەندیتان لەگەڵ کۆلێج و پەیمانگاکانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی چۆنە:

پەیوەندی باشمان ھەیە لەگەڵ ئەوکۆلێج و پەیمانگایانەی کەپەیوەندیمان پێوە کردوون، وەپەیوەندییەکی پتەومان ھەیە لەگەڵ نوسینگەی بەڕێز سەرۆکی زانکۆو بەڕێوبەرایەتیەکانی ئای تی و ئامار و کارگێڕی و  دارایی و  زانستی و ڕاگەیاندن و سەنتەری زمان. لەولایەنەوە دەتوانم بڵێم دراوسێی باشین.

وە دەمەوێ لەم فرسەتەدا بە سوپاسەوە ئاماژە بەڕۆڵی لەیادنەکراوی بەڕێزان کاک فەرەیدون بەڕێوەبەرە نوسینگە و صبریەخان بەڕێوەبەری کارگێڕی و م.جمال كاك برا بەڕێوەبەری ئای تی و ئامار و کاک نەوزادی مولیدە بدەم لە ھاوکاری کردنمان لە تێپەڕاندنی بەشێک لە ئاستەنگە کارگێڕیی و لۆجستیکیەکانی قۆناغە سەرەتاییەکانی چالاک کردنی سەنتەرەکەمان.

*دەوامی ڕۆژانەی بەڕێوەبەرایەتیتان چۆنە:

دەوامی فەرمانبەرانمان وەکوخشتەی دەوامی فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی زانکۆیە کە دابەش بووە بۆ دەوامی بەیانیان و ئێواران.

 

*ئەو گرفتانە چین کە دێتە ڕێتان:

نەبوونی ستراتیجیەت وپلاندانانی درێژخایەن وھاندان بۆتوێژینەوەی زانستی ورێکخستنی چالاکی توێژینەوە وکەمی تێگەیشتنی وورد لە توێژینەوە و کەمی کەلتوری کارکردن بە توێژینەوە وەتێگەشتن لە گرنگی توێژینەوە بۆ داھێنان و گەشەکردن نەک بەتەنیا لە کوردستان بەڵکو لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەھەرە گرنگترین و گەورەترین ئەوگرفتانەن کەھاتووە و دێنە ڕێگەمان بە داخەوە .

وەھەروەھا قەیرانی دارایی ودەرھاویشتەکانی لەسەرکەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەران و بودجەی زانکۆمان گرفتەکانی زیاترکردوە، بەڵام ئێمەش بەردەوامین لەھەوڵ و سەرباری کەمی تەمەنی سەنتەر ھەنگاوی گرنگمان لەئاڕاستەی ڕاست دا ناوە.

 

*تا چەند لە ئەنجامی کارو چالاکی و داھێنانەکانتان سەرۆکایەتی زانکۆ ڕێزو پێزانینتان ئاراستە دەکات:

تا ڕادەیەکی باش ئەو کارو چالاکیانەی خۆم وەکو سەرپەرشتیاری سەنتەرو ستافی سەنتەر تیایدا بەشداربووین سوپاس کراوین.

*ماوەی چەند ساڵێکە بایکۆتی دەوام پەیدا بووە، بەڕێوەبەرایەتیتان چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم حاڵەتەدا کردووە:

لە ماوەی چالاک بوونی سەنتەرەکەمان ڕووبەڕوی حالەتی بایکۆت کردنی دەوام نەبوینەتەوە، بەڵام وەکو  پێشتر ئاماژەم پێ کرد کەمکردنەوەی دەوامی فەرمانبەران لەسەر ئاستی ھەرێم کاریگەری نەرینی ھەبووە، بەڵام ئەم کاریگەریەمان تاڕادەیەک کەم کردۆتەوە بەکارکردنی بەردەوام لە دەرەوەی کاتەکانی دەوامی فەرمی.

 

*بەنیازنین داواکاری بۆ کردنەوەی ھۆبەی نوێ بکەن:

بە پێی بوونی شوێن و سەرچاوە و قۆناغی چالاک کردنی کارو پڕۆژەکانمان بەردەوام دەبین لەھەوڵی چالاک کردنی ھۆبەکانی ترمان و ھەڵسەنگاندن دەکەین بۆ کردنەوەی ھۆبەی نوێ بەس تەنھا لەکاتی پێویستی دا چونکە من باوەڕم وایە کە ئیدارەی کاریگەر ئەو ئیدارەیەیە کە بە کەمترین سەرچاوەو ستاف و ھۆبە بتوانێت زۆرترین بەرھەمی ھەبێت.

 

*کارگێڕی ھونەری بەڕێوەبردنە، تا چەند توانیوتانە ڕۆتین لە نێو کارەکانی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە کەم بکەنەوە:

ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی و دادپەروەری و کۆڵ نەدان و ڕێزگرتن و ژینگەی کارکردنی پۆزەتیف و برەو دان بە گیانی کارکردنی تیم و کەمکردنەوەی ڕۆتین و گەشەکردن لە ڕێگەی کارکردنەوە و بەشداری پێکردن و بڕیار دان لەسەر بنەمای داتا لە ھەرە پڕینسیپە سەرەکیەکانمە بۆ بەڕێوەبردن. بۆ نمونە : ھەر لەسەرەتای دەستبەکار بوونمەوە جەختم کردەوە لەسەر بە ئەلکترۆنی و شەفاف کردن و دۆکێۆمێنت کردنی ھەموو کارو چالاکیەکانی سەنتەر، وە ھەروەھا بەکارھێنانی پڕینسیبی بەشداری پێ کردن لە بڕیاردان لەگەڵ ستافی سەنتەرەکەمان.  وە بەدەر لە بە ئامارکردنی کار و چالاکیەکانی سەنتەر، لە ماوەی داھاتوودا دەست دەکەین بە ئامار کردنی کار و چالاکی و دەستکەوتەکانی ستافەکانی سەنتەریش ئەوەش وەک ھەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ بەرھەمی کارکردنمان.

 

*لەڕووی مومتەلەکاتەوە تا چەند بەڕێوەبەرایەتییەکەتان بڕی پێویستی بۆ دابینکراوە:

بەسوپاسێکی زۆرەوە بۆ بەڕێز سەرۆکی زانکۆ و چەند فەرمانبەرێکی نوسینگەی بەڕێز سەرۆکی زانکۆ بەشێوەیەکی باش بە پێی توانای زانکۆ پێداویستیەکانیان بۆ دابین کردوین.

 

*تا چەند توانیوتانە لەبەڕێوەبەرایەتییەکەتان خەڵکانی پسپۆر دروست بکەن و ئامادەسازی بکەن بۆ ئەوەی لەداھاتوودا پۆست وەربگرێت:

باوەڕی زۆرم بە فێرخوازی بەردەوام و گەشەکردن لەڕێگەی کارکردنەوە وای لێ کردوم کە لە ھەوڵی بەردەوام دابم بۆ دابین کردنی فرسەتی فێربوون و گەشەکردن بۆ ستاف و ئەندامانی سەنتەرەکەمان وەک ئامادەسازی بۆ رۆڵی گەورەتر و پۆستی پەیوەندی دار لە داھاتوو دا، وە جگە لەوە بەردەوامم لە ھاندانی ستافی سەنتەرەکەمان لە برەودان بە گیانی ھاوکاری و ئاڵوگۆری زانیاری.

 

*چ پێشنیارێکتان ھەیە بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ لە پێناو زیاتر پێشخستنی ئیش و کارەکانتان:

سەنتەری توێژینەوەکەمان وەک نەمامێکی تازە ھەڵھاتوو وایە. بۆ گەشەکردن و پێگەیشتنی پێویستی بە ھەموو جۆرە پشتگیریەک ھەیە. ھەر بۆیە بەردەوامی و فراوان تر کردنی پشتگیریەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بۆ ئەم قۆناغەی سەنتەرەکەمان زۆر زۆر زەرورە.

 

*چ داواکارییەکتان ھەیە لەو کەسانەی سەردانتان دەکەن چ فەرمانبەرانی زانکۆ بێت یان دەرەوەی زانکۆ:

بۆ ئەوەی بتوانین پابەند بین بە پلان و بەرنامەی ڕۆژانەمان، زۆر سوپاسی سەردان کەرەکانمان دەکەین کە پێش سەردان کردنەکەیان بۆ پرسیار و وەرگرتنی زانیاری بە چەند ڕۆژێک ئاگادارمان بکەنەوە.

دوا وتەتان چیە:

کاری باش و درێژ خایەن پێویستی بە ھەوڵی بەردەوام و کات و خۆتەرخان کردنە. وە توێژینەوەش خۆی لە بنەرەتدا پڕۆسێسەیەکە کە پێویستی بە ووردی و دووربینی و ھەوڵ و کات و خۆتەرخان کردنە. ھیوادارم کە ئەوکەس و لایەنانەی کە مامەڵە لەگەڵ سەنتەری توێژینەوە دەکەن تێگەیشتنیان بۆ تایبەتمەندێتی کارەکانمان و شێوازی کارکردنمان لە سەنتەر ھەبێت.