د. یوسف گۆران: دەخوازین زمانی ئینگلیزی بكەینە زمانی دووەم لە زانكۆكانی كوردستان

  • كانونی دووه‌م 24, 2018
  • 396 Views
د. یوسف گۆران: دەخوازین زمانی ئینگلیزی بكەینە زمانی دووەم لە زانكۆكانی كوردستان

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند پڕۆژەیەكی فراوانیان هەیە بۆ بایەخدان بە زمانی ئینگلیزی، پێش دوو ساڵ لەمەوبەر هەنگاوەكانی ئەو پرۆژەیەیان دەستپیكردووە و ئامانجیش لەو پڕۆژەیە پێشخستنی توانای مامۆستایان و خوێندكارانە لە زانكۆكانی كوردستان.

ئەو ڕاگەیاندنەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێكەوتی (٢٤/١/٢٠١٨) لەمیانەی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لێژنەی پێداچوونەوە هات بە پڕۆگرامەكانی بەشەكانی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆكانی كوردستان، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، د. كاوەی شێروانی سەرۆكی كۆمیتەی پێداچونەوە بە پڕۆگرامەكانی خوێندن و پەرەپیدانی بەشەكانی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆكانی كوردستان وتی: لە ماوەی رابردوودا بە فەرمانێكی وەزاری كۆمیتەیەكی باڵا پێكهات بۆ پێداچونەوە بە پڕۆگرامەكانی خوێندن و پەرەپیدانی بەشەكانی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆ حكومی و تایبەتەكانی كوردستان، بۆیە ئەمڕۆ ڕێڕەوی كارەكانمان دادەڕێژن بۆ گەیشتن بەئامانجەكان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە گرنگی زمانی ئینگلیزی كرد و لەو بارەیەوە وتی: بایەخدان بە زمانی ئینگلیزی تەنها بایەخدان بەو زمانە و فێربوونی ئینگلیزی نییە، بەڵكو پەیوەندی بەو كەلتور و سەرچاوە زانستییە دەوڵەمەندەوە هەیە كە ئەو زمانە خاوەنیەتی و بۆتە زمانێكی جیهانی.

هەر لە چوارچێوەی وتەكانیدا د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: نەك تەنها بۆ مامۆستایانی بەشەكانی زمانی ئینگلیزی و مامۆستایانی زانكۆ بەگشتی، بەڵكو هەوڵ و كارو پڕۆژەكانمان بەسەرجەم ئاستەكان دەستپیكردووە، بەشێوەیەك ئارەزوو دەكەین سەرجەم خوێندكارانی زانكۆش فێری زمانی ئینگلیزی بن، چونكە دیدگای وەزارەت ئەوەیە زمانی ئینگلیزی بكەین بەزمانی دووەم لەسەرجەم ناوەندەكانی خوێندن، وتیشی: دەركەوتووە كۆمەڵگە پیشكەوتووەكان بەگەیشتن و فێربوون بە زمانی دەستەبەركردنی زانست و تویژینەوە توانیویانە بەشێكی زۆری دواكەوتنەكانی خۆیان كورت بكەنەوە و، هەنگاو گەورە بەرەپێشەوە بنیین، ئەوەشی ڕاگەیاند: بەپەسندكردن و جێبەجێكردنی گۆڕانكارییەكان لە بەشەكانی زمانی ئینگلیزی لە زانكۆكانی كوردستان ئێوە دەبنە سەرمەشقی ئەو گۆڕانكارییانە، چونكە بەو گۆڕانكارییانە دەتوانن ڕۆڵێكی بەرچاو لەو بوارەدا بگێڕن.