بەبۆنەی کردنەوەی پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان مەراسیمێکی تایبەت بەڕێوەچوو 

  • كانونی دووه‌م 29, 2018
  • 438 Views
بەبۆنەی کردنەوەی پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان مەراسیمێکی تایبەت بەڕێوەچوو 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەرواری ٢٩-١-٢٠١٨ کۆمەڵێک خوێندکاری بەشی کارگێڕی کاری (ئێواران) بەناوی (گروپی ھەنگاو) ھەستان بەپێشکەشکردنی چەند چالاکیەکی جۆراوجۆرو بەخشینی خەلاتی رێزلێنان بەسەر کەسایەتیە دیارو خەمخۆرەکانی شاری دەربەندیخان و راگری پەیمانگاو مامۆستایانی پەیمانگاکەدا.

لەسەرەتای مەراسیمەکەدا وتاری راگرایەتی پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان لەلایەن بەڕێز (پ.ی.د. سالم نیعمت) وە پێشکەش کراو تێیدا دوای بەخێرھاتنی میوانە بەرێزەکان و ئامادەبوان و وێرای دەستخۆشی زۆری بۆ خوێندکارانی (گروپی ھەنگاو) بۆ سازکردنی مەراسیمەکە، سوپاسی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین)ی گەیاندە خوێندکاران و بەناوی سەرۆکی زانکۆوە رایگەیاند: دەستخۆشیتان  لێدەکەم و ھەمیشە پشتیوانی لەم جۆرە چالاکییانە دەکەم کە لەکۆلێج و پەیمانگاکانماندا بکرێت، بەتایبەتی کە لەلایەن خوێندکاران خۆیانەوە ئامادەسازی بۆکرابێت و ئێمە لەسەرۆکایەتی زانکۆ پشتگیری لەبوونی گروپی لەمجۆرەی خوێندکارانمان دەکەین، ھەروەھا راگری پەیمانگا بەناوی سەرۆکی زانکۆوە رایگەیاند، دڵنیاتان دەکەینەوە کە زانکۆ ئەو داھاتەی کە ھەیەتی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و خزمەتی خوێندکارەکانی بەکاری دەھێنێت و نۆژەنەی کردنەوەی پەیمانگاکەشتان نمونەی زیندوی ئەو قسەیەمانە.

ھەروەھا بەرێز راگری پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان بەخێرھاتنی گەرمی گروپی دەفی وەفایی سەنتەری گەنجانی دەربەندیخانی سەر بەرێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانی کردو دەستخۆشی لێکردن بۆ ئامادەبونیان لەمەراسیمەکەو پێشکەشکردنی چەند بەرھەمێکی ھونەری بەخوێندکاران و مامۆستایان و ئامادەبوانی مەراسیمەکەو لەکۆتایدا ھیوای ئەوەی بۆ خواستن کە ئەمە دواکاریان نەبێت و بەڵینی پەیوندی و ھەمەھەنگی لەنێوان پەیمانگاو ئەواندا دووپاتکردەوە بۆ کاری جواترو خزمەتکردنی زیاتر.

دواتر وتاری نوێنەرایەتی خوێندکاران پێشکەشکراو سوپاسی زۆری کارمەندان و مامۆستایان و راگرایەتی پەیمانگاو سەرۆکایەتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و وەزارەتی خوێندنی یاڵاو توێژینەوەی زانستی یان کرد بۆ زوو نۆژەنکردنەوەی بینای پەیمانگاو بەشەناوخۆییەکان و دەسپێکردنەوی پرۆسەی خوێندن لەپەیمانگاکەیان.

دواتر چەند پەخشانە شێعرێک لە لایەن شاعیری ناوچەی شارەزوور بەڕێز ( م. عبدالرحمن تاوەگۆزی )ەوە پێشکەش کراو پاشان چەند رێنماییەکی دەرونی لەلایەن بەرێز ( م.ئاراس ) توێژەری دەرونیەوە پێشکەش کرا.

دواتریش گروپی دەفی وەفایی بەبەرھەمە جوان و ناوازەکانیان گوێی ئامادەبوانیان پڕکرد لەگۆرانی و ئاوازو بەستەی خۆش و رەسەن، لەکۆتایشدا خەلاتی رێزلێنان بەخشرایە راگری پەیمانگاو بەشێک لەمامۆستایان و کەسایەتییە دیارەکانی شاری دەبەندیخان.