سیمپۆزیۆمێكی تایبەت بە زانستی نەوت بەڕێوەچوو

  • شوبات 15, 2018
  • 1137 Views
سیمپۆزیۆمێكی تایبەت بە زانستی نەوت بەڕێوەچوو

بەمەبەستی دەرهێنانی نەوت بەشێوازێكی زانستی و چارەسەركردنی گرفتەكانی ئەو بوارە و سوود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەكان، سیمپۆزیۆمێكی زانستی لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەڕێوەچوو و كە تێیدا چوار توێژینەوەی زانستی گرنگی تایبەت بە زانستی نەوت بەئامادەبوونی ژمارەیەك پرۆفیسۆر لە زانكۆكانی كوردستان و دەرەوەی كوردستان پێشكەشكران.

ئەمڕۆ پێنجشەممە رێكەوتی 2018/2/15 زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەهاوكاری دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی سیمپۆزیۆمێكی زانستی بەناونیشانی ( Aspect of source rocks and petroleum Reservoir ) لە هۆڵی سەنتەری نێودەوڵەتی زمانی ئینگلیزی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی رێكخست.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەكەدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد و بەناوی خۆی و سەرۆكی دەستەی كوردستانی سوپاسی لیژنەی ئامادەكاری سیمپۆزیۆمەكەی كرد و رایگەیاند: پێكەوە لەگەڵ دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی گفتوگۆیەكی زانستایەنە دەكەین بۆ بابەتێكی گرنگی ئەمڕۆی كوردستان كە پەیوەندی بە نەوت و جیۆلۆجییەوە هەیە.

هەروەها پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین وتی: وەكو زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەردەوام ئامادەین بۆ كاری زانستی هاوبەش لەگەڵ سەرجەم دەزگاكانی حكومەت و رێكخراوەكان و كەرتی تایبەت لەپێناو خزمەتكردنی كۆمەڵەگاكەمان و كوردستان.

پاشان لەلایەن هەریەك لە بەڕێزان د.شێرزاد نەژات لە دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی توێژینەوەی ( Fracture modeling of Kirkuk main limestone reservoir) ، د.فەرەیدون نەجم رەشید لە زانكۆی چەرمۆ توێژینەوەی ( Porosity and permeability distribution of reservoir rocks in the folded zone of zagros basin, in south Kurdistan)، د.نەبیل عادل لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی توێژینەوەی ( Drilling problems in Kurdistan )، د.پۆڵا خانەقا لە دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی و توێژینەوەی زانستی توێژینەوەی ( Organic Petrology of source rocks in Kurdistan) پێشكەشكران.

دوای پێشكەشكردنی توێژینەوەكان گفتوگۆیەكی كراوە لەسەر چۆنێتی گەیشتن بە بۆچوونەكانی ئەو پرۆفیسۆرانەی لە سیمپۆزیۆمەكەدا ئامادەبوون بەڕێوەدەچێت، تاكو ئەنجامەكان بگەیەنرێتە لایەنی پەیوەندیدار و بەشێوازێكی زانستیانە سوودیان لێوەربگیرێت.