سیمینارێك له‌سه‌ر پلانی ته‌قاندنه‌وه‌ی سایلۆكه‌ی سلێمانی پێشكه‌شكرا

  • شوبات 22, 2018
  • 1350 Views
سیمینارێك له‌سه‌ر پلانی ته‌قاندنه‌وه‌ی سایلۆكه‌ی سلێمانی پێشكه‌شكرا

به‌مه‌به‌ستی ئاشكراكردنی چۆنێتی ده‌ستبه‌كاربوون له‌سه‌ر پرۆسه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی سایلۆكه‌ی شاری سلێمانی و ڕونكردنه‌وه‌ی وورده‌كارییه‌كانی ، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندن و چالاكییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی به‌ هاوكاری كۆمپانیای (هیوا ڕه‌ئوف) بۆ وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدان سیمینارێكیان بۆ مامۆستایان و خوێندكارانی كۆلێجی ئه‌ندازیاری ڕێكخست.

نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌  22 ی شوباتی 2018 له‌ هۆڵی سیمیناری كه‌مپی كۆلیجه‌ ته‌كنیكییه‌كانی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانی و به‌ئاماده‌بوونی مامۆستایان و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ خوێندكارانی كۆلێجی ئه‌ندازیاری، سیمینارێك بۆ ڕونكردنه‌وه‌ی چۆنێتی ته‌قاندنه‌وه‌ی سایلۆی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن ئازاد علی به‌ڕێوه‌به‌ری وه‌به‌رهێنان و په‌ره‌پێدان له‌ كۆمپانیای هیوا ڕه‌ئوف كورته‌یه‌كی له‌سه‌ر كارو چالاكییه‌كانی كۆمپانیای ناوبراو باسكرد و دواتر له‌لایه‌ن ئه‌ندازیار ئاری احمد سه‌رپه‌رشتیاری پرۆسه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌و دروستكردنی داون تاون له‌گه‌ڵ نمایشێكی ڤیدیۆی سه‌رجه‌م ورده‌كاری ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌كه‌ی خسته‌ ڕوو تا ڕۆژی 2 ی شوباتی 2018 و كۆتایی هاتنی پرۆسه‌كه‌ به‌سه‌ركه‌وتویی،

پاشان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی سلێمانییه‌وه‌ سێ خه‌ڵاتی ڕێزلێنان به‌خشرایه‌ كۆمپانیای هیوا ڕه‌ئوف و ده‌ستخۆشیان ئاراسته‌ كرا له‌به‌رامبه‌ر سه‌ركه‌وتنی كاره‌كه‌یان.

له‌كۆتاییدا له‌لایه‌ن مامۆستایان و خوێندكارانه‌وه‌ وێڕای ده‌ستخۆشی لێكردن چه‌ندین پرسیارو سه‌رنجی خۆیان ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رپه‌رشتیاری كاره‌كه‌ كرد و له‌لایه‌ن سه‌رپه‌رشتیاره‌وه‌ وه‌ڵام درانه‌وه‌.