یەکەم ئاڵوگۆڕی زانستی نێودەوڵەتی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆیەکی بەریتانی دەستی پێکرد

  • شوبات 22, 2018
  • 2209 Views
یەکەم ئاڵوگۆڕی زانستی نێودەوڵەتی نێوان زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆیەکی بەریتانی دەستی پێکرد

دوابەدوای وەرگرتنی فەندێکی ھاوبەشی ئیراسمۆس پلەسی یەکێتی ئەوروپی بۆ ئاڵوگۆری زانستی نێوان سەنتەری توێژینەوەی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی ڕێدیندگی بەریتانی و زانکۆ ھاوبەشەکانی، یەکەم چالاکی ئاڵوگۆڕەکە بە بانگھێشت کردن و میواندارێتی کردنی سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوە و سەرۆکی گروپی توێژینەوەی Digital Cultural Heritage و مامۆستا لە بەشی ئەندازیاری پلانسازی شار بەڕێز (د.ڕۆژین کەمال محمدامین) دەستی پێکرد لە زانکۆ بەریتانیەکە بۆ ئەنجامدانی زنجیرە چالاکی و کۆبوونەوە و پلان دانان بۆ پڕۆژە و فەندی ھاوبەشی تر و فراوان کردنی پەیوەندیەکانی سەنتەری توێژینەوە و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەگەڵ زانکۆی ڕێدینگ لە بواری پاراستنی کەلەپوری و مۆزەخانە و دواجار گشت بوارەکانی تر.
لە کاتی بڵاوکردنەوەی ھەواڵی سەردانیکردن و کارکردنی لە ئۆفیسێکی تەرخانکراو لە زانکۆکە، چەند ستافێکی ئەکادیمی و ئیداری باڵا لە زانکۆکە لە نێوانیان دا بەڕێوەبەری توێژینەوەی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەری ئینیستیتوی کەلەپور و داھێنان و ئۆفیسی پڕۆژەی ستراتیجی و توێژینەوە داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرپەرشتیارەکەی سەنتەر دا کرد و کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی چەند پرۆفیسۆرێک و بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ژیانی کشتوکاڵی ئینگلیزی سەر بە زانکۆکە بەڕێوەچوو. وە لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا ستایشی دەستکەوتە ئەکادیمی و پڕۆژە ئەکادیمیەکانی د. ڕۆژین یان کرد لە بواری مۆزەخانەدا کە زانیاری یان لەسەری وەرگرتبوو لە ئەنجامی بەشداری کردنی ھەندێک لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لە سیمینارێکی د. ڕۆژین دا لە ھەمان زانکۆ لە ساڵی ٢٠١٧ دا کە بووە ھۆی بەشداریپێکردنی سەنتەری توێژینەوە و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ئەپڵیکەیشنەکەی ئیراسمۆس پلەس. وە لە کۆبوونەوەکە دا راوێژ درا بە د.ڕۆژین بۆ چۆنیەتی فراوان کردنی پڕۆژەی ھاوبەشی نێودەوڵەتی نێوان دوو زانکۆکە. دواجار زانکۆ بەریتانیەکە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ئیمزاکردنی گرێبەستی لێکتێگەیشتن لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لە ژێر کاریگەری ئەو انتباعە پۆزەتیفەی د. ڕۆژین پیشانی دا لەسەر ھەیکەل و شێوازی پێشنیارکراوی کاری گروپە توێژینەوەکانی سەنتەری توێژینەوە و بناغە دانانی کارە داھاتووەکانی سەنتەر بە پشتگیری و ھاندانی بەڕێز سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی پ.ی.د. ئالان فەرەیدوون.

لە ماوەی کارکردنی لە ھەفتەیەکی چڕ و پڕ لە چالاکی دا وئامادەبوونی لە چەند سیمینارێک دا، کۆبوونەوە بۆ د. ڕۆژین ڕێکخرا لەگەڵ بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ڕێدینگ و پرۆفیسۆرێک لە مۆزەخانەی ئەشمۆلیانی سەر بە زانکۆی ئۆکسفۆرد کە تیای دا بە گەرمی ستایشی پڕۆژە پەیوەندیدارەکانی د. ڕۆژینی کرد کە لە توێژینە بڵاوکراوەکانی دا خوێندبوویەوە و و ھیوای خواست کە لە داھاتوودا لە فراوان کردنی یەکێک لە ھۆڵەکانی مۆزەخانەکەیان د. ڕۆژین ھاوکاریان بێت لە ئەنجامدانی پڕۆژەیەکی ھاوشێوەی پڕۆژەی دکتۆراکەی بۆ مۆزەخانەیەک لە کەنەدا .

وە د.ڕۆژین کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بەشی تەلارسازی زانکۆی ڕێدینگ دا بۆ ڕێکخرا کە بەشدارن لە چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی پاراستنی کەلەپوری و مۆزەخانە لە شاری ڕێدینگ. سەرباری تازەیی بەشەکە، لە ماوەی ٢ ساڵ لە بەرواری دامەزراندنیەوە بووەتە یەکێک لە بەرزترین پێنج بەشی تەلارسازی لە بەریتانیا و لە ئەمساڵ دا زیاد لە ٦٠٠ خوێندکار ئەپڵیکەیشنیان بۆ خوێندن لەو بەشە پێش کەش کردووە و سەرۆکی بەشەکە یەکێکە لە پسپۆڕە چالاکەکانی پەیمانگای شاھانەی تەلارسازە بەریتانیەکانە کە بەرپرسن لە دانان و پێداچوونەوە و قبوڵ کردنی منھجی بەشە تەلارسازیەکان و و بڕوانامە پێدان پێیان لە بەریتانیا و ھەر ووڵاتێک کە پەیڕەوی منھجەکەیان بکات.

لەسەر داوای پرۆفیسۆر رۆجەر ماسیۆس ، سەرپەرشتیاری ئاڵوگۆرە زانسیتەکە، و د. وێندی ماسیۆس، د. ڕۆژین سیمینارێکی پێشکەش کرد لە ژێر ناونیشانی Cultural Heritage in ٢١st Century: Challenges and Opportunities بە ئاماددەبوونی نزیکەی ٤٠ پرۆفیسۆر و خوێندکاری خوێندنی باڵا و بەکالۆریۆسی زانکۆکە. سیمینارەکە بووە جێی سەرنج و ستایشی زۆرێک لە ئامادەبووان و لە کاتی بەڕیوەچوونی پێشوازی لە دوای سیمینارەکە و دواتریش بە ئیمەیڵ داوای بەستنی پەیوەندی ئەکادیمی و ئەنجام دانی پڕۆژەی ھاوشێوە لەگەڵ د. ڕۆژین کرا.

شایەنی باسە کە ئۆفیسی ئیرامۆسی یەکێتی ئەوروپا لە زانکۆی ڕێدینگ بە د. ڕۆژینی ڕاگەیاند کە بە سەردانەکەی مێژوویەکی تۆمار کرد وەک یەکەم سەردانکەری فەندی ئیراسمۆس پلەس لە عێراق و ئێرانەوە بۆ زانکۆی ڕێدینگ. وە بۆ ڕێز لێنان لە سەردانەکەی، لە ئاستی باڵای سەرۆکایەتی زانکۆی ڕێدینگ لە لایەن Pro-Vice-Chancellorی زانکۆکەوە بۆ کاروباری نێودەوڵەتیەوە دیاریەکی زانکۆکە پێشکەش بە د. ڕۆژین کرا.

وە ھەم لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، د. ڕۆژین کەمال توانی پەیوەندی زانستی لەگەڵ چەند پرۆفیسۆر و توێژەری چەند زانکۆیەکی تری بەریتانی وەکKings College London و ئۆکسفۆرد و گلاسکۆ دا ببەستێت بۆ پڕۆژەی نێودەوڵەتی ھاوبەش کە بتوانێت سوود لە فەندی بەریتانی و ئەوروپی وەربگرێت. وە بەر لەگەڕانەوەی بۆ کوردستان لە لایەن زانکۆی لیستەریشەوە بانگھێشت کرا بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکردن لەسەر پڕۆژەی ھاوبەش و فەند و فراوان کردنی چالاکیە زانستیەکانی سەنتەری توێژینەوە و و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی لەگەڵ ئەو زانکۆیەدا.

ھەروەک د. ڕۆژین خۆی دەڵێت “ساڵی ٢٠١٨ ساڵێکی پڕ چالاکی دەبێت لە سەنتەری توێژینەوە و ھیوام وایە و پلانمان داناوە کە قۆناغ بە قۆناغ لەگەڵ کات و جھد و پشتگیری پێویست، سەنتەرەکەمان و ئەندام و گروپە توێژینەوەکانی و دواتر گشت توێژەران و ستافی ئەکادیمی زانکۆمان سودمەندبن لە ئەو پەیوەندیە زانستی و پڕۆژە ھاوبەشانەی لەماوەی سەردانەکەم بۆ بەریتانیا دروستم کردوون و کاری لەسەر دەکەین”.

شایەنی باسە کە د.ڕۆژین خاوەنی توێژینەوە و چالاکی ئەکادیمیە لە زیاد لە ١٢ ووڵات . ئەندازیاری تەلارسازیە و ماستەر و دواتر دکتۆراکەی لە زانکۆی کالگەری لە ووڵَاتی کەنەدا بە پلەی نایابی باڵا (A) تەواوکردووە و پڕۆژەی ھاوبەش و پەیوەندی زانستی لەگەڵ چەندین پرۆفیسۆر و توێژەری نێودەوڵەتی لە کەنەدا و ئەمەریکا و ئەڵمانیا و ھۆڵەندا و بەریتانیا و نیوزلەندا وئوسترالیا و ووڵاتانی کەندا و و دراوسێ دا ھەیە. وە بەھۆی چالاکی و دەستکەوتەکانیەوە، ھەڵبژێراوە وەک ڕێکخەری گشتی ڕێکخراوی RASHID ی ئەڵمانی بۆ پاراستنی کەلەپووری لەھەرێمی کوردستان و عێراق .