سیمپۆزیۆمێك بۆ هەڵسەنگاندنی بودجەی گشتی عیراق و هەرێم بەڕێوەچوو

  • ئازار 3, 2018
  • 1042 Views
سیمپۆزیۆمێك بۆ هەڵسەنگاندنی بودجەی گشتی عیراق و هەرێم بەڕێوەچوو

لە درێژەی كار و چالاكییەكانیداپەیمانگای تەكنیكی دوكان-ی سەر بەزانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی سیمپۆزیۆمی (هەڵسەنگاندی بودجەی گشتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی شەفافیەت و گەندەڵییەوە) رێكخست، كە تێیدا بودجەی گشتی دەوڵەت بە پێوەرێكی گرنگ لە قەڵەمدرا بۆ حكومڕانییەكی باش و سەقامگیری ئابووری و چارەسەری كێشەكانی بێبازاڕی و بێكاری و گەندەڵی و پوكانەوەی بازاڕ.

رۆژی شەممە (٢٠١٨/٣/٣) زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی/ پەیمانگای تەكنیكی دوكان، بەشی كاڕگێڕی كار و بەشی ژمێریاری بە ئامادەبوونی پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و پ.ی.د.كاوە ڕەزا ڕاگری پەیمانگا و مامۆستایان و خوێندكارانی پەیمانگای تەكنیكی دوكان سیمپۆزیۆمی (هەڵسەنگاندی بودجەی گشتی عیراق و هەرێمی كوردستان لە ڕوانگەی شەفافیەت و گەندەڵییەوە) بەڕێوەچوو.

لە دەستپێكی سیمپۆزیۆمەكەدا پ.ی.د.ئالان فەرەیدون عەلی ئەمین وتەیەكی پێشكەشكرد و ئاماژەی بەوەكرد كە خۆی بەخۆشحاڵ دەزانێت كۆمەڵێك لە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا و مامۆستا و خوێندكار كۆدەكاتەوە بۆ شەن و كەو كردنی باسێكی گرنگی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق، كە كێشەی رۆژانەی هەموومانە پەیوەندی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆی هەیە بە هەموومانەوە، ئەویش بابەتی بودجەی گشتی لە عیڕاق و هەرێمی كوردستانە، هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە زانكۆ تەنها بۆ پێگەیاندنی گەنجان و لاوان نییە بە پێدانی بڕوانامە پێیان، بەڵكو زانكۆ دەبێت مینبەرێكی زانستی سیاسی كۆمەڵایەتی بێت و بەشێك بێت لە زانكۆ گەورەكەی ژیانمان، ئەویش كۆمەڵگایە)).

پاشان وتەی بەخێرهاتنی میوانەكان لەلایەن پ.ی.د.كاوە ڕەزا پێشكەشكرا و ئاماژەی بەوەدا ((شەفافیەت لە بودجەدا واتە گەڕاندنەوەی هەیبەت و ناوبانگ بۆ گەل و وڵات و بەرزكردنەوەی داهاتی تاك و گەشەی ئابوری و خۆشگوزەرانی و بەگەڕخستنی سەرمایە و وەبەرهێنانی گەورە لەسەر ئاستی گشتی و كەرتی تایبەت،هەروەها شەفافیەت لە بودجەدا تەنها شێوازی بەدەستهێنانی داهات و سەرفكردنی ناگرێتەوە،بەڵكو پێویستە خەڵك بەشداری پێبكرێت لە بڕیاردانی سیاسی و میدیاش ڕۆڵی گەورە بگێڕێت لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا بۆ ئەوەی لێپرسینەوە لەبەرپرسی حكومی بكرێت و هەڵی بنەبڕكردنی فەساد بدرێت)).

بەرنامەی كاری سیمپۆزیۆمەكە بە دوو پانێڵ بەڕێوەچوو، پانێڵی یەكەم لەلایەن بەشداربووان پ.ی.د.عزت صابر سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان و پسپۆڕی ئابووری لە زانكۆی سلێمانی بە تەوەری (ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان سەربەخۆ نەوتەكەی بفرۆشێت یان ڕادەستی حكومەتی عیراقی بكات؟) و بەڕێز (د.ئەمین بەكر محەمەد) ئەندامی ئەنجومەنی عێراق، بەتەوەری (بودجەی گشتی عیراق و كێشە و گیروگرفتەكانی) بەشداربوون، هەروەها بەڕێوەبەری پانێڵ لەلایەن بەڕێز(م.هەڵكەوت اسماعیل) سەرۆكی بەشی ژمێریاری لەپەیمانگای تەكنیكی دوكان بەڕێوەچوو.

پانێڵی دووەم لەلایەن بەشداربووان پ.ی.د.یونس عەلی مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕی دارایی و بانك لە زانكۆی سلێمانی كۆلێژی كارگێڕی و ئابووری، بە تەوەری (داهات و خەرجیەكانی حكومەت لە نێوان شەفافیەت و گەندەڵیدا ) و بەرێز (م.فەیصل علی) سەرۆكی مونتەدای ئابووری كوردستان، بە تەوەری (بەڕێوەبردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان بە نموونە) بەشداربوون، بەڕێوەبەری پانێڵی دووەم لەلایەن (م.عمر مستەفا محمد ) سەرۆكی بەشی كارگێڕی كار لەپەیمانگای تەكنیكی دوكان بەڕێوەچوو.

هەریەك لەو بەشداربووانە دید و بۆچوونی خۆیان دەربارەی تەوەرەكان تاووتوێكرد و ئاماژەیان بەوەدا كە بودجەی گشتی، سەدان شیكردنەوە و لێكدانەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێت دەرئەنجامەكەشی ئەدای دارایی و ستراتیجی حكومەت دەردەخات، بەو پێیەی بودجەی گشتی دەوڵەت لە گرنگترین ڕێكارە سیاسییەكانی دارایی یە نەك تەنیا هاوسەنگی یا یەكسانی لە نێوان داهاتە گشتیەكان و خەرجییە گشتییەكان بەدیدەهێنێت، بەڵكو پێوەرێكیشە بو حكومڕانی باش و سەقامگیری ئابووری و چارەسەری كێشەكانی بێبازاڕی و بێكاری و گەندەڵی و پوكانەوەی بازاڕ دەكات، بگرە خۆشگوزەرانی و ڕاكێشانی سەرمایەی بیانی بەگەڕخستنی سەرمایەی ناوخۆیی لێدەكەوێتەوە.

دواتر لەلایەن میوانەكانەوە چەند پرسیار و تێبینی لەسەر تەوەرەكان ئاراستەی پانێلستەكان كرا ودواتر لەلایەن بەشداربووانی پانێلەكانەوە ڕاسپاردەكان خرانە ڕوو تاكو بخرێنە بەرنامەی كار.

لەكۆتایی سیمپۆزیۆمەكەدا لەلایەن سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و ڕاگری پەیمانگای تەكنیكی دوكان و سەرۆكی بەشی كارگێڕی كار خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە پانێلستەكانی سیمپۆزیۆمەكە.