سيمپۆزيۆمێكی تايبه‌ت به‌ بوارى وه‌به‌رهێنانى كشتوكاڵى به‌ڕێوه‌چوو

  • ئایار 8, 2018
  • 866 Views
سيمپۆزيۆمێكی تايبه‌ت به‌ بوارى وه‌به‌رهێنانى كشتوكاڵى به‌ڕێوه‌چوو

به‌ سه‌رپه‌رشتى زانكۆى پۆليته‌كنيكى سلێمانى، كۆلێجى ته‌كنيكى كارگێڕى له‌ هۆتێل تايتانيكى شارى سلێمانى پرۆگرامى سيمپۆزيۆمى تايبه‌ت به‌ بوارى وه‌به‌رهێنانى كشتوكاڵ ئەنجام درا.

سيمپۆزيۆمه‌كه‌ به‌ ناونيشانى گه‌شه‌ى به‌رده‌وام بۆ كشتوكاڵ له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى زانكۆ و راگرى كۆلێجى ته‌كنيكى كارگێڕى و ژماره‌يه‌كى به‌رچاو له‌ كه‌سانى شاره‌زاو پسپۆڕ لە بوارەکەدا به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا له‌ لايه‌ن هه‌ر يه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان پ.ى.د.ئالان فه‌ره‌يدون سه‌رۆكى زانكۆى پۆليته‌كنيكى سلێمانى و پ.ى.د.حه‌كيم عوسمان راگرى كۆلێجى ته‌كنيكى كارگێڕييه‌وه‌ وته‌ پێشكه‌شكراو تيشك خرايه‌ سه‌ر گرنگى و بايه‌خى كه‌رتى كشتوكاڵ و چۆنيه‌تى بوژانه‌وه‌ى ئه‌و كه‌رته‌ به‌ شێوه‌يه‌كى زانستى.

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌يان خسته‌ڕوو وه‌ك زانكۆ كار له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كانى سيمپۆزيۆمه‌كه‌ ده‌كه‌ن و بابه‌ت و ته‌وه‌ره‌ گرنگه‌كانى ده‌گه‌يه‌ننه‌ لاى لايه‌نى په‌يوه‌نديدار تاوه‌كو به‌ هه‌مووانه‌وه‌ بتوانن كار بۆ پێشخستن و گه‌شه‌كردنى كه‌رتى كشتوكاڵى هه‌رێم بكه‌ن.

پاشان سيمپۆزيۆمه‌كه‌ له‌ دوو پانێلداو له‌لايه‌ن كه‌سانى پسپۆڕ و شاره‌زاوه‌ باس له‌ چۆنيه‌تى وه‌به‌رهێنانى كشتوكاڵ له‌ كوردستان و له‌مپه‌ر و به‌ربه‌سته‌كانى به‌رده‌مى كرا.
له‌ به‌شێكى ديكه‌ى پانێله‌كاندا تيشك خرايه‌ سه‌ر بارودۆخى ئێستاى كه‌رتى كشتوكاڵى هه‌رێم، هه‌روه‌ها گه‌شه‌پێدانى ناوچه‌گوندنشينيه‌كان و وه‌به‌رهێنانى سامانى ئاژه‌ڵ له‌ ته‌وه‌ره‌كانى ديكه‌ى پانێلەكانى سيمپۆزيۆمه‌كه‌ بوون.

پاشان له‌ لايه‌ن ئاماده‌بووان و قسه‌كه‌رانى نێو پانێله‌كانه‌وه‌ گفتوگۆ له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى ته‌وه‌ره‌كانه‌وه‌ كرا، به‌ خستنه‌ڕووى چه‌ندين پلان و پێشنيارى گرنگيش كۆتايى به‌ سيمپۆزيۆمه‌كه‌ هێنرا.