سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەبێتە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی دەزگایەكی بەریتانیا

  • ئایار 27, 2018
  • 3797 Views
سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوەی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی دەبێتە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی دەزگایەكی بەریتانیا

لە درێژەی چالاكی و دەستكەوتە نێودەوڵەتیەكانیدا، د.ڕۆژین كەمال محەمەد ئەمین سەرپەرشتیاری سەنتەری توێژینەوە و سەرۆكی گرووپی توێژینەوەی كەلەپوری كەلتوری دیجیتاڵی و مامۆستا لە بەشی پلانسازی شاری زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بانگهێشتكرا و بووە ئەندامی International Development Peer Review College ی دەزگای توێژینەوە و داهێنانی بەریتانی (UKRI) بۆ هەڵسەنگاندنی ژمارەیەك لە پڕۆژە توێژینەوە نێودەوڵەتیەكانی پێشكەش بەفەندی (Global Challenges Research Fund (GCRF ی ئەو دەزگایە دەكرێت بۆ ماوەی 3 ساڵ.

ئەو پڕۆژە توێژینەوانەی د.ڕۆژین كەمال هەڵسەنگاندیان بۆ دەكات لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەی داهاتوودا وەك هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی بودجەی هەریەكێكیان لە نێوان 8 بۆ 20 ملیۆن پاوەندی بەریتانیە و ماوەكانیان تاوەكو 5 ساڵ دەخایەنن.

شایەنی باسە سەرپەرشتیارەكەی سەنتەری توێژینەوەی زانكۆمان تاكە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتییە لە هەرێمی كوردستان و تەنانەت عێراقیش هەروەها ناوی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی وەك تاكە زانكۆ لیست كراوە لە عێراقەوە كە هەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی هەبێت لەو دەزگا بەریتانیەدا هەر وەك دەردەكەوێت لە وێب سایتی دەزگاكەدا:

لە ئیمەیڵی بانگهێشتكردنەكەدا و دواتر فۆڕمی ئەندامی بوون، چالاكی و ئەزموونی پێشینەی د.ڕۆژین كەمال لە پڕۆژەی توێژینەوەی نێودەوڵەتی پێشكەشكراو بۆ GCRF لەگەڵ چەند زانكۆیەكی بەریتانی و ئەزموونی یپَشووتری لە هەڵسەندگاندنی توێژینەوە بۆ چەند كۆنفرانس و گۆڤارێكی نێودەوڵەتی بەهۆكار باسكراون بۆ بانگهێشتكردنی بۆ بوون بە بەهەڵسەنگێنەری نێودەوڵەتی ئەو دەزگا گەورە بەریتانیە، جگە لە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دەزگا بەریتانیە د.ڕۆژین كەمال هەر لەمساڵ دا هەڵسەنگاندن بۆ چەند توێژینەوەیەكی گۆڤارە پەیوەندیدارەكانی دەزگایەكی یۆنانی و كۆنفرانسی بەناوبانگی نێودەوڵەتی IEEE ISMAR دەكات.

سەبارەت بەم چالاكییە نێودەوڵەتییە د.ڕۆژین كەمال بۆ سایتی زانكۆمان رایگەیاند: “زۆر دڵخۆشم بەم دەستكەوت و ئەركە زانستییە ئاست بەرزە كە كاریگەری ئەكادیمی سەنتەری توێژینەوە و زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باڵا پیشان دەدات. وە سەرباری ئەو ئەرك و كات و ماندووبوونەی ئەم ڕۆڵە نوێیە زیادی دەكات بۆ كار وئەركە جیاواز و زۆرەكانی تری ڕۆژانەم، بەڵام ئەو ئەزموون و فێربوونە تازە نایابانەی لە ئەنجامی ئەم ڕۆڵە نێودەوڵەتیەوە وەری دەگرم بۆ من و زانكۆمان ووزە و سەرمایەن بۆ دەوڵەمەندتر كردنی كار و پڕۆژە توێژینەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكانمان لە سەنتەری توێژینەوە”.

وە لە ماوەی چەند هەفتەی پێشوودا، د.ڕۆژین كەمال بەشداریكردووە لە دوو خولی دەزگا بەریتانیەكە لە ڕێگەی ئۆنلاین و وێبینارەوە سەبارەت بە نوێترین زانیاری لەسەر هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی پڕۆژە توێژینەوەكان و ئەو پێوەرانەی كە بۆ هەڵسەنگاندنی پڕۆژەكانی GCRF ی دەزگای توێژینەوە و داهێنانی بەریتانی لە پێشینەن و گرنگن. وە لە ئاینەیەكی نزیكدا د.ڕۆژین كەمال ئەم ئەزموونە نوێیەی لە ڕێگەی یەكێك لە زنجیرە ۆرك شۆپەكانی سەنتەری توێژینەوە وە دەخاتە خزمەتی مامۆستا و توێژەران و دەرچووە گەنجەكانی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و زانكۆكان و دەزگا ئەكادیمیەكانی تری كوردستان.

شایەنی باسە دەزگای توێژینەوە و داهێنانی بەریتانی (UKRI) بە بودجەی زیاد لە 6 بلیۆن پاوەندی حكومەتی بەریتانیا فەندی پڕۆژە توێژینەوەكانی بەریتانیا دەكات و هەر حەوت ئەنجومەنی توێژینەوەكەی بەریتانیا و دوو ئەنجومەنی تر لەخۆ دەەگرێت، زانیاری زیاتر لەسەر ئەم دەزگایە لەم لینكە دەست دەكەوێت.